دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری دهۆک بەردەوامە

پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی 110 هەزار خێزان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆک سوودمەند بوون. پرۆسەکە لە ناوەندی شارەکان و ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامە.

هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو وەردەگرێت، نرخی هەر بەرمیلێک 25 هەزار دینارە. ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزترە و ئەم هەنگاوەی حکوومەت یارمەتیدەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما.

هاووڵاتییەک بە ناوی حوسێن زاهیر بە کوردستان24ی گوت: "ئەم کارە زۆر گرنگە، چونکە خەڵک پێویستی بە نەوتە. ساڵانی ڕابردوو نەوت گران بوو، بەڵام ئەمساڵ حکوومەت بە نرخێکی گونجاو دابینی کردووە، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە."

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی هەکار بەڕۆشکی ئاماژەی بەوەدا: "نرخەکە زۆر گونجاوە و کوالێتیی نەوتەکەش زۆر باشە. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت زستانی ئەمساڵ بە گەرمی بەسەر ببات."

بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی دابەشکردنەکە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی گەیاندنی نەوتە بە هەموو خێزانەکان پێش ئەوەی شەپۆلی سەرما ناوچەکە بگرێتەوە.

بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی سپی بە نرخی 25 هەزار دینار پێدەدرێت. پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەموو خێزانەکان لە سنووری پارێزگاکەماندا نەوتی خۆیان وەردەگرن."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دەستپێدەکات.