هەڵەیەکی ڕۆژانە دەبێتە هۆی زوو دەرکەوتنی چرچی پێست

بسپۆڕانی بواری چاودێریی پێست هۆشداری دەدەن لە ڕەفتارێکی باوی ڕۆژانە کە زۆر کەس بە زیانبەخشی نازانن، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تێکچوونی تەندروستیی پێست و دەرکەوتنی نیشانەکانی ماندوێتی و پیربوونی پێشوەختە.

بەکارهێنانی ئاوی زۆر گەرم بۆ شۆردنی دەموچاو، بەتایبەت لە وەرزی سەرمادا، هەرچەندە هەستێکی کاتیی ئارامی دەبەخشێت، بەڵام لە بەرانبەردا زیانی درێژخایەن بە گەشانەوە و نەرمیی پێست دەگەیەنێت.

پسپۆڕانی جوانکاری ئاماژە بەوە دەکەن، بەرکەوتنی بەردەوامی پێست بە ئاوی گەرم دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئەو چینە سروشتییەی کە هاوسەنگیی شێداریی پێست دەپارێزێت و وەک قەڵغانێک وایە لە بەرانبەر کارتێکەرە دەرەکییەکان.

کاتێک ئەم چینە پارێزەرە زیانی پێ دەگات، پێست توانای هێشتنەوەی شێی نامێنێت، بەمەش بە ماندوویی دەردەکەوێت و هێڵە وردەکان و چرچییەکان، بەتایبەت لە ناوچە ناسکەکانی دەوروبەری چاو و دەم، زیاتر تۆخ دەبنەوە.


بەگوێرەی گوتەی پسپۆڕان، تەنیا گەرمیی ئاوەکە هۆکار نییە، بەڵکو هەندێک ڕەفتاری هەڵە لە کاتی خۆشۆردندا کێشەکە قووڵتر دەکەنەوە، وەک:

- بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە پاککەرەوانەی تایبەتن بە جەستە بۆ شۆردنی دەموچاو.
- بەرکەوتنی بەرهەمەکانی قژ بە پێستی دەموچاو، کە پێکهاتەکانیان بۆ پێستی ناسکی دەموچاو گونجاو نین.
- زۆر کەس وا دەزانن گۆڕانی شێوەی پێستیان پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکارە سەرەکییەکە ئەو سترێسە بەردەوامەیە کە بەهۆی چاودێریی نادروستەوە تووشی پێست دەبێت.

چۆن پێستمان بپارێزین؟
بۆ ڕێگریکردن لەم کێشانە، بسپۆڕان چەند هەنگاوێکی سادە پێشنیاز دەکەن:
1-دوورکەوتنەوە لە ئاوی زۆر گەرم و بەکارهێنانی ئاوی شلەتێن بۆ شۆردنی دەموچاو.
2 - بەکارهێنانی پاککەرەوەی (غسول) تایبەت بۆ دەموچاو.
3 - شێدارکردنی ڕاستەوخۆی پێست دوای شۆردن؛ چونکە بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەرەوە کاتێک پێست هێشتا کەمێک تەڕە، یارمەتی زیندووکردنەوەی خانەکان و گەشانەوەی پێست دەدات.

پسپۆران ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە پێستیان وشک یان هەستیارە، بەردەوام بەرهەمەکانیان نەگۆڕن و پابەندی سیستمێکی (ڕۆتین) جێگیر و سادە بن، چونکە چاکبوونەوەی پێست پێویستی بە ئارامی و کات هەیە.