ئاسایشی حەلەب وردەکاریی تاوانەکانی دیمەشق لە حەلەب ئاشکرا دەکات
شیکارییە نەخشەیی و مەیدانییەکان دەری دەخەن کە حکوومەتی سووریا بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی دژی گەلی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، پەنای بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی بردووە، دیمەشق دەیەوێت لە ڕێگەی بانگەشەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ ناوچە مەدەنییەکان، ڕێگری بکات لە گەیشتنی ڕاپۆرتی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان بە کۆنگرێسی ئەمەریکا، کە بەپێی یاسای نوێی لادانی سزاکان پێویستە هەر 6 مانگ جارێک ڕەوانە بکرێت.
ئاسایشی حەلەب ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو شیکارییە وردانەی بۆ نەخشەی ناوچەکانی پێکدادان ئەنجامدراون، میلیشیاکانی سووریا چەندین پێشێلکاریی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانیان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ئەنجامداوە، سەرەڕای ئەوەی شام هەوڵ دەدات شەڕەکە وەک پابەندبوون بە یاسای پاراستنی مەدەنییەکان نیشان بدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێش بۆردومانکردنی شوێنە مەدەنییەکان هۆشداری دەدات، بەڵام بەڵگەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن و دەریدەخەن کۆمەڵکوژی دژی هاووڵاتییانی کورد ئەنجام دراوە.
دەشڵێت: هۆکاری سەرەکی ئەم پەردەپۆشکردنەی تاوانەکان لەلایەن میلیشیاکانی دیمەشقەوە، نەک ڕێزگرتن لە گەلی سووریا یان پابەندی بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو ترسە لەو ڕاپۆرتە خولییانەی کە دەبێت پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا بکرێن.
ئاسایشی حەلەب ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی یاسای لادانی سزاکان، دەبێت هەر 6 مانگ جارێک ڕاپۆرتێکی ورد دەربارەی ڕەفتارەکانی حکوومەتی عەرەبی سووری ئامادە بکرێت، هەربۆیە دیمەشق دەترسێت وردەکاریی ئەو کردەوە دڕندانانەی ئەنجامی داون ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لادانی سزاکان.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، شێوازی مامەڵەی حکوومەتی عەرەبی دیمەشق لەگەڵ ناوچە کوردییەکان لە حەلەب، هەمان ئەو ڕەفتارە توندوتیژانەیە کە پێشتر لە ناوچەکانی تری سووریا پەیڕەوی کردووە، لادانی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سووریا مەرجدار کراوە بە ڕەفتاری شیاوی حکوومەت، بەڵام پەرەسەندنە سەربازییەکانی حەلەب نیشانی دەدەن کە هێشتا ناوچە مەدەنییەکان و ژێرخانی گەڕەکە کوردییەکان ئامانجی سەرەکی هێرشەکانن.