فاخیر زوبێر و و دلاوەر ساڵح بەرهەمێکی نوێیان بەشێوەی دوێت بڵاوکردەوە

دوو هونەرمەندی لاو، فاخیر زوبێر و دلاوەر ساڵح، تازەترین بەرهەمی هونەریی هاوبەشی خۆیان بەناوی "پەری" لە قالبی کلیپێکی فۆلکلۆریدا، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.  

هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، فاخیر زوبێر، گۆرانیبێژی لاوی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە نوێیەمان هۆنراوەکەی لەلایەن ئاکام محەمەدی نووسراوە و ​دابەشکردنی موزیکی بەرهەمەکە لەلایەن هونەرمەند ئەڤشین شوکری ئامادەکراوە. هاوکات کارەکانی وێنەگرتن، رێکخستنی ڤیدیۆیی و دەرهێنانی کلیپەکە لەلایەن  ژات بۆ بەرهەمهێنان جێبەجێ کراون و گوڵبژێرێک لە گەنجانی گروپی فۆلکلۆری هەولێر بە جوڵە فۆلکلۆرییەکانیان دیمەنێکی جوانیان بە کلیپەکە بەخشیوە. کارە دەنگی و تۆمارکردنەکانیش لە ستاف و ستۆدیۆی یونیبۆکس بە ئەنجام گەیشتوون."

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە، فاخیر زوبێر گوتی، "بەرهەمەکە کارێکی هونەریی هەڵپەڕکێ و فۆلکلۆرییە بە شێوەزاری بادینی و ئامانجی سەرەکیمان لە بەرهەمهێنانی ئەم کارە خۆشکردنی دڵی هاووڵاتییان و خوڵقاندنی کەشێکی شاد بووە لەم بارودۆخەی ئێستادا، بەو هیوایەی توانیبێتمان سەرنجی جەماوەر و حەزی گوێگران بۆ لای خۆمان رابکێشین." 

فاخر زوبێر، گۆرانیبێژی لاوی کورد، خەڵکی ناوچەی بارزانە، لە ساڵی 2012 لەگەڵ رێواری برای بە ناونیشانی هونەریی "فاخیر و رێوار" پێیان نایە جیهانی مۆسیقاوە و بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی "خۆشم دەوێی" لەسەرانسەری کوردستاندا ناوبانگێکی فراوانیان پەیدا کرد.