مازن غەریب: دژەتیرۆری عێراق دانی بە هەڵەکەیدا ناوە

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەزگای دژەتیرۆری عێراق دانی بە هەڵەی خۆیدا ناوە سەبارەت بە کوژرانی دوو گەنجەکەی شارەدێی پردێ، هاوکات لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و پێشبینی دەکرێت رۆژی یەکشەممە ئەنجامەکەی رابگەیەنرێت.

ئەمرۆ هەینی، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، مازن غەریب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری، لە کاتی سەردانیکردنی ماڵباتی ئەو دوو گەنجە کوردەی لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقدا بە هەڵە شەهید کران، بە کوردستان24ـی راگەیاند "لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و دانیان بە هەڵەکانیاندا ناوە، ئەنجامەکانیش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دراون و چاوەڕێی وەڵامین، پێشبینیش دەکرێت رۆژی یەکشەممە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بکرێن."

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، هاتنی شاندەکەی دەزگای دژەتیرۆر بۆ گەیاندنی سەرەخۆشیی سەرۆکی دەزگاکە بووە بە بنەماڵەی قوربانییەکان و دووپاتیشیان کردووەتەوە کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیاندا کەمتەرخەمی هەبووە.

مازن غەریب گوتیشی "ئەم ئۆپەراسیۆنەی لە پردێ ئەنجام درا شکستخواردوو بوو، بەڵام کەس نییە هەڵە نەکات و ئەوانیش دانیان بە هەڵەکانیاندا ناوە. ئێمەش لە پەرلەمان کار لەسەر ئەوە دەکەین کە سەرجەم ئەو کەسانەی لەم کەیسەدا کەمتەرخەم بوون، بە سزای یاسایی خۆیان بگەن."

رۆژی یەکشەممە، 27ـ ئەیلوولی 2026، لە ئەنجامی پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان کەرکووک و پردێ، وێڕای کوژرانی دوو چەکداری داعش هەرلەوێ مێرمنداڵێک کوژراو  هاوکات مێردمنداڵێکی دیکە بە ناوی محەممەد هێمن، بێسەروشوێن بوو کە دواتر تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی ئازادی دۆزرایەوە.

دوای شەهیدبوونی ئەم دوو لاوە، ناڕازایی زۆری لەلایەن هاووڵاتییان و پارتە کوردییە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکرد و هاووڵاتییانی پردێ خۆپێشاندانی فراوانی ناڕازایەتییان ئەنجامدا.