هەناردەی گازی شل لە گەرووی هورمزەوە گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی

بەپێی داتاکانی دامەزراوەکانی چاودێریی وزەوە، لە مانگی ئەیلوولدا ژمارەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی گازی شل کە لە گەرووی هورمزەوە دەرچوون، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ بەشیێوەیک نزیکەی 20 کەشتیی بارهەڵگری گازی شل بەو گەرووەدا تێپەڕیوون.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمپانیای ئێس ئەند پی، بۆ چاودێریی داتاکانی کەشتیوانی و وزە راپۆرتێکی لەبارەی ژمارەی ئەو کەشتیانە بڵاو کردووەتەوە کە گازی شلیان بار کردووە و بە گەرووی هورمز تێپەڕیون.

بەگوێرەی داتاکانی ئەو کۆمپانیایە لە مانگی ئەیلوول 19 باری گازی شلکراو بە گەرووی هورمز تێپەڕیوون، کە 13ـەیان قەتەر خاوەنداریەتی دەکات و شەشیان ئیماراتی؛ ئەو کۆمپانیایە ئاماژەشی داوە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران، ئەمە بەرزترین ئاستی تێپەربوونە بە گەرووەکە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا هەڕەشە ئەمنییەکان بەردەوامن؛ هاوکات ئامارەکانی کۆمپانیای کپلەر بۆ شیکاریی داتاکان ئاماژە بە دەرچوونی 21 کەشتیی دەکەن.

راپۆرتە دەریاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین کەشتیی سەر بە کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی لەوانە خریتیات، غرافە، و مەلاحە قەتەر دوای تێپەڕین بە گەرووەکەدا گەیشتوونەتە کەناراوەکانی رۆژئاوای هیندستان و سریلانکا بۆ بەتاڵکردنی بارەکانیان.

ئێرک یەپ، بەرپرسێکی باڵای کۆمپاناییەکەی باسی لەوە کردووە، لە مانگی حوزەیران تەنیا 15 بار بە گەرووەکە تێپەڕیوون، ئەمەش دوای ئەوەی ئاگربەستی ئێران و ئەمریکا چووە واری جێبەجێکردنەوە؛ گوتیشی: لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوول ژمارەکە بەرزبووەوە، ئەگەر بەو ڕێژەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا تاوەکوو کۆتایی مانگ ئاستی تێپەڕینی گازی شل بە گەرووی هورمز دەگاتە %25 پێش دەستپێکردنی جەنگ.

بۆ خۆپاراستن لە هێرش و مەترسییەکان، بەشێک لە کەشتییە بارهەڵگرەکان پەنا دەبەنە بەر شێوازی گەشتی تاریک، کە بریتییە لە کوژاندنەوەی سیستمی ناسینەوەی خۆکار (AIS) بۆ ئەوەی شوێنپێیان هەڵنەگیرێت، لە پاڵ بوونی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا کە هاوڕێیەتیی کاروانە بازرگانییەکان دەکەن.

گەرووی ستراتیجیی هورمز لە پێش جەنگەوە رێڕەوی تێپەڕبوونی یەک لەسەر پێنجی (20%)ی نەوت و گازی شلی جیهان بووە؛ ئێستاش نیگەرانیی سەرەکیی بازاڕەکان ئەوەیە ئایا ئەم رێڕەوە لە وەرزی زستاندا بە کراوەیی دەمێنێتەوە، یان پەرەسەندنی سەربازی لەگەڵ ئێراندا جارێکی دیکە پەکیدەخاتەوە.