یەکێتیی ئەوروپا: دەبێت شەڕی حەلەب بوەستێت و لایەنەکان پابەندی ئاگربەست بن
یەکێتیی ئەوروپا داوا دەکات کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان لە شاری حەلەب و دەوروبەری بهێنرێت و داوا لە لایەنەکان دەکات پابەندی ئەو ئاگربەستە بن کە ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوە.
ئەمڕۆ شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026 یەکێتیی ئەوروپا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا جەخت لە گرنگیی پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و پێویستیی ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کردووەتەوە.
یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پابەندی ئەو ئاگربەستە بن کە ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوە و بەپەلە بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی.
یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردووە کە گەیشتن بە سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵات، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ مسۆگەرکردنی قۆناغێکی گواستنەوەی گشتگیر و بەردەوام کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو گەلی سووریا بێت.
هەر ئەمڕۆ شەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە گەڕەکی شێخ مەقسود ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای عەرەبیی سووریا، لە کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆوە سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەناو گەڕەکی شێخ مەقسود ڕاگیراون.
دواتر ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، ڕەتکردەوە کە ئاگربەست لە گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕاگەیەندرابێت و جەخت کردەوە کە گرووپە چەکدارەکان سەر بە سوپای عەرەبی سووریا نەک هەر پابەندی هیچ ئاگربەستێک نەبوون، بەڵکو بە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەخۆشخانەیەکی مەدەنییان بۆردومان کردووە و هێرشێکی توندیشیان کردووەتە سەر گەڕەکەکە.
هەروەها کەمێک پێش ئێستا ئاژانسی هەواڵی هەوار، بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگربەستییان لەو گەڕەکە گەمارۆدراوانەی شاری حەلەب، ڕاگەیاندووە، بە مەبەستی وەستانی شەڕ لە بەشێکی ئەو گەڕەکانە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی سەرەکی لەم ئاگربەستە بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تیمە پزیشکی و مرۆییەکان تا بتوانن کارەکانیان بکەن بۆ گواستنەوەی برینداران، هەروەها ئافرەتان و منداڵان لە نەخۆشخانەی خالید فەجر کە دەکەوێتە گەڕەکی شێخ مەقسوود.