مەزڵووم عەبدی: هێزەکانمان لە حەلەب دەگوازینەوە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بە نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و گواستنەوەی شەڕڤانان، برینداران و مەدەنییە گەمارۆدراوەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

یەکشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: دوای هەوڵێکی زۆر و بە نێوەندگیری لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی حەلەب، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد، ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی ئاگربەست و دەرفەت دەدات بۆ گواستنەوەی شەهیدان، برینداران، هاووڵاتییانی مەدەنی گەمارۆدراو و هەروەها شەڕڤانان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەبەوە بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

مەزڵووم عەبدی لە پەیامەکەیدا داوای لە لایەنە نێوەندگیرەکان کردووە، پابەندی بەڵێنەکانیان بن لە ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و زەمینە خۆش بکەن بۆ گەڕانەوەی ئارامی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە کۆتاییدا عەبدی ستایشی بەرخۆدانی شەڕڤانان و دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی کردووە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا بە چەکی قورس و هەزاران سەربازەوە هێرشیان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەست پێ کردبوو، لە بەرانبەردا هێزەکانی ئاسایشی حەلەب بە چەند سەربازێکەوە بەرگرییان لە گەڕەکەکان دەکرد.