ئاسایشی شێخ مەقسوود: بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسوود رایانگەیاند، بەکرێگیراوانی سەر بە حکوومەتی سووریا، بە پاڵپشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپ و زرێپۆش و هەموو جۆرە چەکێکی قورس، هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر گەڕەکەکەمان.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسوود ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، بەکرێگیراوانی سەر بە حکوومەتی سووریا، بە پاڵپشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپ و زرێپۆش و هەموو جۆرە چەکێکی قورس، جگە لە هەزاران بەکرێگیراو، هێرشێکی دڕندانەیان بۆ سەر گەڕەکەکەمان دەستپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەم هێرشانە قڕکردنی گەلەکەمان و دەستکاریکردنی پێکهاتەی دیمۆگرافیای گەڕەکەکە و پێشێلکردنی کەرامەتەکەی بوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان لەسەر بنەمای بڕیارێکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، بڕیاریان دا بەرەنگاری ئەو هێزانە ببنەوە و بەرگری لە کەرامەتی خۆیان بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەوکەدا باس لەوەشکراوە، لە بەرامبەر ئەو هێزانە بەرخودانێکی بوێرانە دەستی پێکرد، هێزەکانمان بێ دوودڵی لە بەرگریکردن لە گەڕەک و کەرامەتی گەلەکەمان گیانیان بەخت کرد، هیچ خۆڕادەستکردنێکمان قبوڵ نەکرد و قبوڵیش ناکرێت، هەروەها زانیاری دەربارەی ناسنامەی شەهیدانیش بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەم شەڕەدا گەلەکەمان تووشی هێرشی دڕندانە بووەوە، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر بریندار و شەهید بوون. بریندارەکان لە نەخۆشخانەی خالید فەجر بوون کە تاکە نەخۆشخانەیە لە گەڕەکەکەدا بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەکرێگیراوان دەیان جار بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر ئەم نەخۆشخانەیە و هەوڵی کۆمەڵکوژیان دا.
ڕاشیگەیاند، لە کۆتاییدا ئاگربەستێکی بەشی ڕاگەیەندرا بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی زیاتر و گواستنەوەی برینداران و مەدەنییەکان و ئافرەتان و منداڵان لە نەخۆشخانە بۆ ناوچە ئارامەکان، هێزەکانمان بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئاگربەست کرد، نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجریش چۆڵکرا.
لەمەودوا هێزەکانمان بەبێ دوودڵی بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ پاراستنی ئیرادەی ئازاد و کەرامەتی گەلەکەمان، شوێن پێی شەهیدەکانمان دەگرن. هێزەکانمان به هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبن لە خەبات و خۆڕاگری خۆیان.