حەوت ئەندامی پاسەوانی سنووری عێراق گیانیان لەدەستدا
فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور ڕایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە ڕێگای خێرای پارێزگای ئەنبار حەوت پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەستدا،
ئەمرۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، حەوت ئەندامی پاسەوانی سنوور لەکاتی گەڕانەوە بۆسەر ئەرکەکانیان لەسەر ڕێگای خێرای پارێزگای ئەنبار، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا.
فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەی ئەو حەوت ئەندامەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کرد، هەروەها ناوی قوربانییەکانیش بڵاوکردەوە کە هەریەک لە کۆمیسارعەبدوڵڵا محەممەد جاسم محەممەد، کۆمیسار عەبدوڵڵا عەبدولڕەحیم خدر، کۆمیسار حەمید ئەحمەد ناسر محەممەد، کۆمیسار حەسەن محەممەد خدر خەلیل، شەعلان مەحموود حەمەد، محەممەد ئەحمەد عەبود عەلی، عەبدولخالق عەتیە محەممەد ساڵح.
پێش ئەم ڕاگەیەندراوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار بڵاویکردەوە، "رووداوێکی هاتوچۆی دڵتەزێن لە ناحیەی عامریە ئەلسەمود ڕوویدا، لە ئەنجامدا سێ کس بەناوەکانی غازی حەمید حەمادی، زیاد حەمود سەخیری، و یوسف محەممەد ڕەزووقی گیانیان لەدەستدا."