ئەڵمانیا پێشوازی لە ئاگربەستی حەلەب دەکات
نێردەی ئەڵمانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشوازی لە ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ئاسایش لە حەلەب دەکات و داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانی دیمەشق و هەسەدە دەکات.
یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆبیاس تونکێل، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی لەبارەی ئاگربەستی حەلەب بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پێشوازی لە ڕاگرتنی شەڕ لە حەلەب و کشانەوەی هێزەکانی ئاسایشی لەو ناوچەیە دەکەین.
نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داوا لە حکوومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریایی دیموکرات دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان بکەنەوە و بەبێ هیچ دواکەوتنێک پابەندی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری بن، کە ئێستا لە هەموو بابەتێک گرنگترە.
هەروەها تۆبیاس تونکێل نووسیویەتی: ئەو تۆمەتبارانەی هێرشیان کردووەتەوە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بە نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و گواستنەوەی شەڕڤانان، برینداران و مەدەنییە گەمارۆدراوەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا بە چەکی قورس و هەزاران سەربازەوە هێرشیان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەست پێ کردبوو، لە بەرانبەردا هێزەکانی ئاسایشی حەلەب بە چەند سەربازێکەوە بەرگرییان لە گەڕەکەکان دەکرد.