هەسەدە: بەنداوی تشرین ڕووبەڕووی هێرشی چڕی درۆن و بۆمباران بووەتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026 ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی ئەمنیی لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بڵاوکردەوە:
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ ئاسمانی بەنداوی تشرین و ناوچەکانی دەوروبەری، شایەتی چالاکییەکی چڕی درۆنە خۆکوژییەکان بووە. ئەم فڕۆکانە سەر بەو گرووپ و میلیشیا چەکدارانەن کە دڵسۆزی حکوومەتی دیمەشقن. هاوکات لەگەڵ هێرشە درۆنییەکان، ناوچەکە ڕووبەڕووی بۆمبارانێکی قورس بووەتەوە کە لەلایەن هەمان ئەو هێزانەوە ئەنجامدراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بە چڕی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەفڕن و چاودێری دۆخەکە دەکەن، ئەمەش ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی زیاتر کردووە.
ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە(SDF) جەختی کردەوە؛ هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و لە نزیکەوە چاودێری وردی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان و جموجۆڵە سەربازییەکانی ناوچەکە دەکەن.