بۆڕی ئاوی ئیفراز 3 چاککرایەوە و دابەشکردنی ئاو دەستیپێکردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند؛ دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 11ـی کانوونی دوومەی 2026، بۆڕی هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3 'تیرە 1500ملم لە جۆری GRP' تووشی شکان هات، دەستبەجێ تیمەکانی چاککردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
دەشڵێت: تیمەکانمان بە درێژایی شەو سەرقاڵی کارکردن بوون و لە درەنگانی شەودا توانرا بۆڕیەکە بە سەرکەوتوویی چاک بکرێتەوە. لە ئێستاشدا ئاو بە ئاراستەی عەمبارەکان ڕەوانە کراوە و پرۆسەی پڕکردنەوەی تۆڕەکان دەستیپێکردووە.
ڕاشیگەیاند؛ ئاگاداری هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەینەوە کە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێککەوتی 12ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاو بە قۆناغ دەگاتەوە ئەو گەڕەک و شوێنانەی کە بەهۆی ئەم شکانەوە بێ ئاو بوبوون.
هاوکات لای خۆیەوە ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: ئەمساڵ باشترین ساڵ بوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر و بە ساڵی زێڕین ناودەبرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە،بە دابین کردنی ئاو و کوالێتی باش و بڕی پێویست بۆ خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان و لە هاوینی داهاتوو بە شێوەیەکی باشتر ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر دابین دەکەین.