هەڵەبجە.. گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانیی لە کوردانی حەلەب بەڕێوەچوو

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامارانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرانە سەر کوردانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە پارێزگای حەلەب، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە میانی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکەدا، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "پەیامی ئێمە، پەیامی یەکدەنگی و هاودەنگیی هەرچوار پارچەی کوردستانە. بە خوشک و براکانمان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەڵێین کە ئێمە لەگەڵتانین و پشتیوانتانین."

پارێزگاری هەڵەبجە ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی کرد کە بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدرێت و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە بێنە سەر هێڵ بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارانە.

نوخشە ناسیح گوتیشی: "کورد بەدرێژایی مێژوو تەنها پارێزگاری لە خاکی خۆی کردووە و قەت هێرشی نەکردووەتە سەر خاکی کەس، بۆیە ئێمەش بەتوندی ڕووبەڕووی ئەم توندوتیژییە دەبینەوە و ئامادەشین بە شێوەیەکی مەدەنی بێت یان هەر شێوەیەکی دیکە، بچینە ئەوێ بۆ پارێزگاریکردن لێیان."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەڵەبجە جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی کورد و هێزە نێودەوڵەتییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە کار بۆ ڕاگرتنی ئەم دۆخە بکرێت، بەڵام هیوادارین ڕاگرتنەکە کاتی نەبێت، بەڵکو چارەسەرێکی بنەڕەتی بێت تاوەکو جارێکی دیکە خوێنی کورد نەڕژێت."

یەکێکی دیکە لە خۆپیشنادەران گوتی: بەداخەوە ئەوەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕوویدا، کارەساتێکی جەرگبڕبوو، بۆیە پشتیوانی خۆم بۆ کوردانی حەلەب دووپات دەکەمەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ئێمە کارێکی وابکەین جیهان بێتە سەر هێل، تاوەکوو جارێکی دیکە هیچ هێزێکی داگیرکار بوێری ئەوە نەکات هێرش بکاتە سەر کورد.