ئیلهام ئەحمەد: ئەوەی دژی کورد دەکرێت تاوانی جەنگە
لەگەڵ بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی مەترسیدار لەبارەی ڕفاندن، کوشتن و شێواندنی تەرمەکان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایدەگەیەنێت کە کورد لەو ناوچانە ڕووبەڕووی تاوانی جەنگ بووەتەوە و داوای دەستوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.
دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پەیامێکدا هۆشداری دەدات لەو تاوانانەی بەرانبەر کورد لە حەلەب ئەنجام دەدرێن و داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات.
ئیلهام ئەحمەد داوای لەو وڵاتانە کرد کە پشتگیری دارایی هەندێک لە کەناڵە عەرەبییەکان دەکەن، پێداچوونەوە بە سیاسەتی میدیایی خۆیاندا بکەن، چونکە بە گوتەی ئەو ئەو کەناڵانە هانی سوورییەکان دەدەن بۆ دژایەتیکردنی یەکتر و کوشتنی پێکهاتەکان، ئەوەش لە ڕێگەی شێواندنی ڕاستییەکانەوە.
ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە: قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، مافی ئەوەی پێ نادات توندوتیژی و ترس و تۆقاندن بەرانبەر گەل و کۆمەڵگە بەکار بهێنێت و یاساکانی مافی مرۆڤ پێشێل بکات.
سەبارەت بە دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد، ئەو تاوانانەی لەوێ بەرانبەر کورد دەکرێن دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: گەنجان دەڕفێنرێن و لەناو دەربدرێن، ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان دەدزرێت و تاڵان دەکرێت، هەروەها سووکایەتی بە تەرمی قوربانییەکان چ مەدەنی و چ سەربازی دەکرێت و دەشێوێنرێن.
ئیلهام ئەحمەد داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کردووە، بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ڕفێنراوان و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەو دوو گەڕەکە.