سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی دادوەری: ڕۆژانی داهاتوو دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی دەگاتە هەولێر

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد،دۆسیەی یاسایی لاهور شێخ جەنگی و چەند دەستگیرکراوێکی دیکە لە قۆناغی ڕەوانەکردندایە بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم پەڕاوەکان بگەنە شاری هەولێر.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە بۆ کوردستان24، تاوەکو ئێستا دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکە بە فەرمی نەگەیشتووەتە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، بەڵام ئامادەکارییەکان تەواو بوون و چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە یان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دۆسیەکان بگەنە هەولێر. 

ئەم هەنگاوە یاساییە وەک بەشێک لە ڕێکارەکانی پێداچوونەوە و تێهەڵچوونەوەی دادگای هەولێر بە بڕیارەکان دێت، کە تێیدا دادگای تێهەڵچوونەوە وەک بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری وردبینی لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و بڕیارە یاساییەکان دەکات. 

ئەم دۆسیەیە یەکێکە لەو دۆسیە یاساییانەی لە لایەن ڕای گشتییەوە چاودێری دەکرێت، بە گەیشتنی بە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی تانەکان و ڕێڕەوی یاسایی دۆسیەکە بدرێت.