سێنتکۆم: ئێران زیاتر لە 2500 مووشەک و درۆنی هەڵداوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) وردەکاریی گەورەترین هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئاشکرا دەکەن، کە تێیدا لە ماوەی کەمتر لە 100 کاتژمێردا 2000 ئامانجی سەربازی پێکراون و هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەکارخراوە؛ هاوکات لە هێرشەکاندا 50 هەزار سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی، دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکە بێدەنگە ستراتیژییەکانی وەک B-2 و B-1 و B-52 بەشداریان پێکراوە؛ دەشڵێت: ئێران زیاتر لە 2500 مووشەک و درۆنی هەڵداوە

چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا نوێترین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی "Epic Fury" (تووڕەیی داستانئاسا)ی خستە ڕوو. کوپەر ڕایگەیاند لە ماوەی کەمتر لە 100 کاتژمێردا 2000 ئامانجی سەربازی پێکراون و هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەکارخراوە.

کە ئەم ئۆپەراسیۆنە، کە چوارەم ڕۆژی تێدەپەڕێنێت، بە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە پەنجا ساڵەییەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

کووپەر ئاماژەی بەوە کرد، قەبارەی هێرشەکانی 24 کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە، دوو هێندەی هێرشە بەناوبانگەکانی "Shock and Awe" بووە کە لە ساڵی 2003دا بۆ سەر عێراق ئەنجامدران. تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی، دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکە بێدەنگە ستراتیژییەکانی وەک B-2 و B-1 و B-52 بەشدارن لە بۆردومانکردنی بنکە موشەکییەکان و ناوەندەکانی سەرکردایەتی لە قووڵایی خاکی ئێراندا

کووپەر، گوتی: تا ئێستا 17 کەشتیی جەنگیی ئێران تێکشکێنراون، لەوانە چالاکترین ژێردەریایی ئەو وڵاتە و ئێستا هیچ کەشتییەکی ئێرانی لە ئاوەکانی کەنداو، گەرووی هورمز و دەریای عوماندا نەماون.
فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە بۆ یەکەمجار سوپای ئەمریکا مووشەکی دوورهاوێژی جۆری (PrSM)ی لە شەڕدا بەکارهێناوە. هەروەها ئاماژەی بە "Task Force Scorpion Strike" کرد، کە هێزێکی تایبەتی درۆنە و هەزاران درۆنی بۆمبرێژکراویان ئاراستەی ئامانجە ئێرانییەکان کردووە و گوتی: دیزاینی ئەم درۆنانە لە بنەڕەتدا ئێرانی بوو، ئێمە بردماننەوە بۆ ئەمریکا و پێشکەوتنمان پێدان و دواتر بە ڕووی خۆیاندا تەقاندماننەوە.

بەپێی گوتەکانی کووپەر، ئێران لە کاردانەوەدا زیاتر لە 500 موشەکی بالیستی و 2000 درۆنی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە توانای هێرشبەریی ئێران ڕوو لە پاشەکشەیە و سیستمە بەرگرییەکانیان بە توندی زیانیان بەرکەوتووە.

ئەدمیراڵ کووپەر دڵنیایی دا کە ئۆپەراسیۆنەکە تا بەدیهاتنی تەواوی ئامانجە سەربازییەکان بەردەوام دەبێت و گوتی: "ئێمە تەنیا لە سەرەتای کارەکانمانداین و متمانەی تەواوم بە هێزەکانمان هەیە بۆ سەرکەوتن.