نەتەوە یەکگرتووەکان: 190 هەزار کەس لە حەلەب ئاوارە بوونە
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاماری ئاوارەبوونی 190 هەزار هاووڵاتی لە شاری حەلەب بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوییەکانەوە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە لایەنەکان دەکات بەپەلە ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ دەرچوونی هاووڵاتییان بکەنەوە و پارێزگاری لە گیانی خەڵکی سڤیل بکەن.
دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، ستیفان دوجارێک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی شاری حەلەب دەربڕی و ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە دۆخێکی مرۆیی سەخت دروست بووە.
دوجارێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی حەلەب دەکەین و لەگەڵ گشت لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لە پەیوەندیداین. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان قوربانی و بریندارێکی زۆر لە شارەکەدا هەن و پێویستییەکی هەنووکەیی بۆ پاراستنی خەڵکانی سڤیل و ژێرخانی شارەکە هەیە.
سەبارەت بە ئاماری ئاوارەکان، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: هاوبەشەکانمان ئاگاداریان کردووینەتەوە کە نزیکەی 190 هەزار هاووڵاتی بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوییەکانەوە لە حەلەب ئاوارە بوون، لە ئێستاشدا کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران (UNHCR) و هاوبەشەکانیان هاوکاری بەسەر ئەو خەڵکەدا دابەش دەکەن.
لە کۆتاییدا ستیفان دوجارێک داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ئاسایشی خەڵکە مەدەنییەکە بپارێزن و جەختی کردەوە: پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن.