ئێران هەوڵ دەدات لەرێگەی ویتکۆفەوە دەرگای گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمەریکادا بکاتەوە
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی ئێران، فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تاران توندتر دەبنەوە. فەرەنسا و کەنەدا بە توندی سەرکۆنەی توندوتیژییەکان دەکەن و یەکێتیی ئەورووپاش پاکێجێکی نوێی سزای توند ئامادە دەکات، لە بەرانبەردا ئێران هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئەمەریکا دەدات.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییانە دەکەن کە دژ بە ئافرەتان و پیاوانی ئێران ئەنجام دەدرێن، جەختیشی کردەوە کە پشتیوانی لەو کەسانە دەکەن کە بەرگری لە ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکەن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە پاڵ گەلی ئازای ئێران دەوەستێتەوە و بە توندترین شێوە کوشتن و سەرکۆتکردنی خۆپیشاندەران ڕەت دەکاتەوە، داواش لە تاران دەکات ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لە بروکسل ئاشکرای کرد، وەک وەڵامێک بۆ سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان، یەکێتییەکە خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ سەپاندنی پاکێجێکی نوێ و زۆر توندتری سزا بەسەر کۆماری ئیسلامیدا و هەموو بژاردەکانیان لەسەر مێزە.
لەژێر کاریگەریی ئەم فشارانە و هەڵکشانی گرژییەکان، هەریەک لە ئاژانسی ڕۆیتەرز و ئەکسیۆس بڵاویان کردەوە کە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام داوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم پەیوەندییە دوای هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دێت بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران. چاودێران پێیان وایە ئەمە هەوڵێکی تارانە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و بەدەستهێنانی کات، بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ هەنگاوی کردەیی زیاتر بۆ زیانگەیاندن بە دەسەڵاتی ئێران بنێت.