تۆڕی ڕۆژنامەنووسانی کورد ناوی خۆی دەگۆڕێت و پاشگری سووری لا دەبات

تۆڕی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سووریا، لە هەڵوێستێکی ناڕەزایەتیدا بەرانبەر بەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییە توندانەی دژ بە گەلی کورد لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ئەنجام دراون، بڕیاری دا وشەی سووری لە ناوی فەرمیی خۆی بسڕێتەوە.

 تۆڕەکە ڕایگەیاند، لە 12 / 1 / 2026ـەوە ناوی فەرمیی دامەزراوەکەیان تەنها وەک تۆڕی ڕۆژنامەنووسانی کورد دەبێت.
ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو تاوانە مرۆییانە دێت کە بە بێباکی و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بەهایەکی ئەخلاقی لە ژێر ئاڵای سووریادا ئەنجام دراون.

 تۆڕی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڕینی ناوەکەیان دەربڕینی هەڵوێستێکی ڕەوشتییە بۆ ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی ناوی سووریا و هێماکانی وەک پەردەیەک بۆ داپۆشینی تاوان و پێشێلکارییەکانی دژ بە هاووڵاتیانی کورد، هەروەها تۆڕەکە ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرانبەر بە بێدەنگیی گوماناوی و لایەنگریی میدیایی هەندێک دەزگا دەربڕیوە، کە لە کاتی کوشتن و دەربەدەرکردنی مەدەنییەکاندا ڕاستییەکانیان فەرامۆش کردووە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە، بێدەنگیی ئەو ڕێکخراو و سەندیکایانەی بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان دەکەن، لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەریدا ناگونجێت.

 تۆڕی ڕۆژنامەنووسانی کورد جەختی کردووەتەوە، وەک هەمیشە پابەند دەبن بە گواستنەوەی ڕاستییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و پیشەیی و بەردەوام دەبن لە دۆکیۆمێنتکردنی هەموو ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە گەلی کورد و ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن، بەبێ ڕەچاوکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە، ئەوەش وەک بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بەرامبەر بە قوربانییان و ڕای گشتی.
گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی هێرش و پێشێلکاریی توند بوونەتەوە کە بووەتە هۆی کارەساتی مرۆیی گەورە، ئەم هەڵوێستەی تۆڕی ڕۆژنامەنووسانی کورد کە ناوەندەکەی لە شاری قامیشلۆیە، لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکە وەک لایەنێکی سەرەکی بۆ بەرگریکردن لە مافی میدیاکاران و گواستنەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەناسرێت و ئەم گۆڕانکارییەش گوزارشت لە دابڕانێکی سیاسی و ئەخلاقی دەکات لەگەڵ ئەو چەمک و هێمایانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ ڕەوایی دان بە توندوتیژییەکان.