دڵەڕاوکێی مۆسکۆ؛ کێ جێگەی سەربازە چیچانییەکەی پوتن دەگرێتەوە؟

ڕەمەزان قادیرۆڤ، سەرۆکی چیچان. سەرچاوە: ڕۆژنامەی تایمز
ڕەمەزان قادیرۆڤ، سەرۆکی چیچان. سەرچاوە: ڕۆژنامەی تایمز

ڕەمەزان قادیرۆڤ، سەرۆکی چیچان و لایەنگری سەرسەختی کرملین، زۆر نەخۆشە، ئەمەش وای کردووە مۆسکۆ بە پەلەپروزێ بیر لە دەستاودەستکردنێکی ئارامی دەسەڵات لەو کۆمارە ناسەقامگیرەدا بکاتەوە.

سێشەممە،13ـی کانوونی دووەم 2026،  ڕۆژنامەی 'تایمز'ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "ڕەمەزان قادیرۆڤ، سەرۆکی چیچان، کە خۆی وەک 'سەربازی پیادە'ی پوتن وەسف کردووە، باوەڕ وایە تووشی نەخۆشییەکی سەخت بووبێت و ئێستا دەرکەوتنی لە شوێنە گشتییەکاندا تا دێت کەمتر دەبێتەوە. دوایین جار، نزیکەی نۆ ڕۆژ لەمەوبەر لە بۆنەیەکدا دەرکەوت کە بە دارشەق دەڕۆیشت و زۆر لاواز دیار بوو."

هەفتەی ڕابردوو، ماڵپەڕێکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسیا، بە ناوی 'نۆڤایا گازێتا' ڕایگەیاند "سەرکردە چیچانییەکە کە تەمەنی 49 ساڵە و لە ساڵی 2007ـەوە لە دەسەڵاتدایە، کاتێک لە 25ـی کانوونی یەکەمی ڕابردوو، لە مۆسکۆ بووە بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی پوتن ، لەپڕ باری تەندروستیی تێکچووە و بە پەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە."

قادیرۆڤ، نەیتوانی بەشداریی کۆبوونەوەکە بکات و لە هیچ کام لە وێنە فەرمییەکانی کۆبوونەوەکەدا کە لەلایەن کرێملینەوە بڵاو کرانەوە، دەرنەکەوت. بەرپرسانی چیچان، و دواتر خودی قادیرۆڤ، هەواڵی نەخۆشییەکەیان ڕەت کردەوە. بەڵام پاش دەرکەوتنی دواین جاری، وادیارە ئەو سەرکردەیە، کە یەکێکە لە گەورەترین پاڵپشتیکارانی پوتن لە جەنگی ئۆکرانیا، ماوەیەکی زۆری لە ژیاندا نەماوە.

ئاژانسی هەواڵی ئۆکرینیفۆرمی بنکە لە کیێڤ، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا (GUR) بڵاوی کردەوە "دۆخی تەندروستی قادیرۆڤ ئێستا بە توندی تێک چووە و لە کلینیکێکی تایبەت لە چیچان خەوێنراوە و دەشگوترێت ئەندامانی خێڵەکەی، بە خزمەکانی دەرەوەی وڵاتیشەوە، لە نەخۆشخانەکە کۆبوونەتەوە."

ڕەمەزان قادیرۆڤ و ئادەمی کوڕی

 

پرسی جێگرەوە بۆ قادیرۆڤ زۆر گرنگە، چونکە ئەو جگە لە سەرۆکایەتیی چیچان، بڕیاردەری سەرەکی بنەماڵە و خێڵەکەیەتی؛ هەروەها بۆ کریملینیش گرنگە، چونکە دەیەوێت کۆنترۆڵی بەسەر ئەو کۆمارەدا بمێنێتەوە کە زۆرینەیان موسوڵمانن و لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتەوە دوو جەنگی سەربەخۆیی بەخۆیەوە بینیوە.

باوەڕ وایە نزیکەی 100 ئەندامی بنەماڵەی قادیرۆڤ ڕۆڵی کاریگەریان لە حکوومەتی چیچاندا هەبێت. بە گویرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسانی ڕووسیا، لە پلەی دووەمدا پوتن دێت، کە پێدەچێت 26 لە خزمەکانی خۆی لە پۆستە گرنگەکانی حکوومەتی ڕووسیادا دامەزراندبێت.

ڕاپۆرتە هەوڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن 'قادیرۆڤ ئادەمی' کوڕی سێیەمی، کە تەمەنی 18 ساڵە، بۆ جێگرتنەوەی باوکی ئامادە دەکرێت. ئادەم کە لە ڕوخسار و هەڵسوکەوتە ملھوڕانەکەیدا زۆر لە باوکی دەچێت، لە مانگەکانی ڕابردوودا کۆمەڵێک نازناوی پێبەخشراوە، لەوانە، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش.

ڤلادیمیر پوتن و ئەخمەت قادیرۆڤ

 

کوڕێکی دیکەی بەناوی 'ئەخمەت قادیرۆڤ' یەکێکە لەو ئەندامانەی زۆرترین خەڵاتی لە لایەن حکوومەتی چیچانەوە وەرگرتووە. پێشتر وەزیری وەرزش و وەزارەتی کاروباری گەنجانی هەرێم بووە و ئەم مانگە لەلایەن باوکیەوە وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی چیچان دەستنیشان کرا.

هارۆڵد چێمبەرز، پسپۆڕی کاروباری قەوقاز، دەڵێت: دامەزراندنی ئەندامانی خێزانەکەی لە پێگە ستراتیجییەکانی حکوومەتدا، وەڵامی زیادبوونی هەڕەشەکانە بۆ سەر دەسەڵاتی قادیرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیاوە کە دەیانەوێت فەرمانڕەوایەکی گوێڕایەڵتر جێگەی بگرێتەوە.

چێمبەرز گوتیشی: ئەم ڕاستییە، لەگەڵ خراپیی دۆخی تەندروستی، وای لە قادیرۆڤ کردووە پەلە بکات لە بەرزکردنەوەی پلەی کوڕەکانی بۆ پۆستە سیاسییە باڵاکان.

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، وای نیشان دەدەن، کە بەرپرسانی مۆسکۆ لایەنگری ئاپتی عەلائەدینۆڤ، فەرماندەی سەربازیی چیچانی، یان ئادەم دێلیمخانۆڤ، پەرلەمانتاری توندڕەوی چیچان بن، وەک جێگرەوەی قادیرۆڤ.