مورشید خەزنەوی: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڕێزگرتن لە میوانە سوورییەکان ڕەنگدانەوەی کولتووری هەرێمی کوردستانە
کەسایەتیی ناسراوی ئایینی، د. مورشید خەزنەوی، پشتیوانیی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و ڕایگەیاند، ئەو پەیامە نوێنەرایەتیی ڕێنماییە بەرزەکانی ئایینی ئیسلام دەکات و پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڕێزگرتن لە میوانە سوورییەکان ڕەنگدانەوەی کولتووری هەرێمی کوردستانە. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە شەڕڤانانی کورد لە پاراستنی خاک و شکۆیاندا نموونەی مەردایەتی و ئازایەتین.
دکتۆر مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی دیاری ئایینی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، لە ستۆدیۆی کوردستان24 میوان بوو و گوتی؛ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە ڕووی ئایینییەوە باشترین بژاردەیە و دژ بەو کردەوە تیرۆریستییانەیە کە بەرانبەر بە کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێن؛ گوتیشی: "کورد هەمیشە گەلێکی میواندۆست بووە، وەک چۆن ئیسلام ڕێنمایی دەکات؛ ئێمە کێشەمان لەگەڵ گەلی عەرەب نییە، کە دراوسێی ئێمەن، بەڵکو کێشەکە لەگەڵ ئەو گرووپە توندڕەوانەیە کە دەیانەوێت بە زۆرەملێ کوردانی حەلەب ڕاگوێزن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خەزنەوی ستایشی قوربانییدانی شەڕڤانانی کرد و گوتی: "شەڕڤانانی کورد هەمیشە نموونەی مەردایەتی و خۆڕاگری بوون، ئێمە شانازی بە سەرجەم شەڕڤانانەوە دەکەین، چ ئافرەت بن یان پیاو، کە تا دوا دڵۆپی خوێن، بەرگریی لە خاک دەکەن."
سەبارەت بە بەشداریی ئافرەتان لە بەرەی جەنگ، مورشید خەزنەوی وەڵامی ئەو لایەنانەی دایەوە کە دژی ڕۆڵی ئافرەتانن و گوتی: "ئەوانەی پێیان وایە شوێنی ئافرەت تەنیا ماڵەوەیە، لە ئایینی ئیسلام تێنەگەیشتوون. لە مێژوودا حەزرەتی عائیشە، کە هاوسەری پێغەمبەر (د.خ) بووە، بەشداریی لە جەنگەکانی ئوحود و بەدردا کردووە و سەرکردایەتیی لەشکری کردووە لە مەککەوە تا عێراق."
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا، مورشید خەزنەوی جەختی لە پیرۆزیی بەرگریی لە نیشتمان کردەوە و گوتی: "کاتێک زێدەڕۆیی دەکرێتە سەر میللەتێک، پێویستە ئافرەت و پیاو بەیەکەوە بەرگری لە خاک و ناسنامەیان بکەن. هەر کەسێکیش لە پێناو پاراستنی خاکەکەی گیان لەدەست بدات، بێگومان پلەی شەهیدبوونی، هەیە."
دوێنێ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی پەیامێکی لە بارەی دۆخی حەلەب بڵاو کردووەتەوە و تیایدا هاتووە "لە كاردانەوە بەرانبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین".
هەروەها ئاماژەیداوە "ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هاتووە "لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە".
داواشی کردووە "دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن".