مزگەوتی شێخی چۆڵی؛ ناسنامە و مێژوویەکی دێرینی شاری هەولێر

مزگەوتی شێخی چۆلی یەکێکە لە مزگەوتە دێرینەکانی کوردستان کە مێژوویەکەی بۆ زیاتر لە 140 ساڵ دەگەڕێتەوە و لە مانگی رەمەزاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە.

مزگەوتەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێر، لە باشووری قەڵای هەولێر و نزیک شەقامی 3. مەتری.

مزگەوتی شێخی چۆلی لە ساڵی 1883 لەلایەن شێخ محەممەدی چۆلی و خەلیفە و موریدەكانییەوە، لە قووڕ و كەرچووچ دروست كراوە، دواتر لە ساڵی 1974بە شێوەیەكی باشتر و جوانتر نۆژەن كراوەتەوە تا سیمایەكی شارستانیی جوان و قەشەنگی پێوە دیار بێت.

 ئەم مزگەوتە ماوەی زیاتر لە 140 ساڵە دروستكراوە و ماوەی 120ساڵیشە لەو مزگەوتە میوان و كەمدەرامەت و ئەو كەسانەی نوێژ لە مزگەوتەكە دەكەن، دوای نوێژی نیوەڕۆ خواردنیان بۆ ئامادە دەكرێت، لە مانگی رەمەزاندا رۆژانە لەم مزگەوتەدا خواردن بۆ سەدان كەس ئامادە دەكرێت بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی، تێچوی خواردنەكەش لەلایەن كەسانی خێرخوازەوە دابین دەكرێت و خواردنەکە لەلایەن ژمارەیەک ئافرەت و پیاوەوە ئامادە دەکرێت.

بە گوتەی مێژوونووسانی هەولێر بێت، چۆلی بە واتای چۆڵەوانی دێت، چونکە مزگەوتەکە ئەوکات لە ناوچەیەکی بێ نیشتەجێبوون دوور لە ناوەندی شار بووە ئەو گۆشەیەی کە لەسەری دروستکراوە و ئەم مزگەتە چەندین تایبەتمەندی هەیە کە لە مزگەتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.

بە درێژایی مێژووی ئەو مزگەوتە ژمارەیەک مامۆستای ئایینی وەک پێش نوێژ و وتارخوێن کاریان کردووە لەوانە:

مەلا محەممەد ئەمین شێخ محەممەد

مەلا عەبدوڵڵا مەلا محەممەد ئەمین

مەلا یونس ئیسماعیل

مەلا حاجی ئەلیاس ئەفەندی ئیسماعیل

مەلا یاسین مستەفا

مەلا تەھا یونس

مەلا جەمال تەھا

مەلا سەید محەممەد سەید ئیسماعیل

مەلا عەلی مەلا عەبدوڵڵا

مەلا فایز مەلا عەبدوڵڵا

مەلا عیمادەدین فایز عەبدوڵڵا - پێش نوێژ و وتارخوێنی ئێستایە