لە بەغدا خواست لەسەر کڕینی زێڕ زیادی کردووە
یەکێک لە گەورەترین دوکانەکانی زێڕینگرە لە بەغدا، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکەن و زێڕ دەکڕن، ئەم زێڕینگرە دەڵێت، بەهۆی شەواوی بازاڕی دراو، زۆربەی خەڵک ناوێرن پارەکانیان بە دۆلار و دینار لە ماڵەوە هەڵگرن، بۆیە سەرەڕای ئەوەی نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام تا دێت زێڕ خواستی زیاتری لەسەر دەبێت، چونکە دواجار بە قازانج دەیفرۆشنەوە.
ساڵح محەممەد، زێڕینگرێکی بەغدایەو بە کوردستان24ـی گوت، یەکەم شت هەڵگرتنی زێڕ دڵنیایی بازرگانییە، چونکە بەردەوام نرخی زێڕ گران دەبێت، هاووڵاتییان بە لێشاو دێنە ئێرە و زێڕ دەکڕن. کەسی وا هەیە یەک ملیۆن دیناری هەیە لە ماڵەوە، دەیهێنێت و یەک مسقاڵ زێڕی پێ دەکڕێت، چونکە دەزانێت زێڕ گران دەبێت و دواتر بە قازانج دەیفرۆشێتەوە.
عەباس جبووری، پسپۆڕی ئابووری، ئاماژەی بەوەدا، بەداخەوە پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەنمان نییە بۆ پاراستنی موڵک و ماڵمان، خۆ گەمارۆی ئابووریشمان لەسەر نییە، کەرتی بازرگانیمان بەهێزە، بۆیە ناگاتە ئەوەی ئاستی بەهای دینار وەک بەهای تومەنی ئێرانی لێبێت. هەر 100 دۆلار لە نزیکەی 150 هەزار دینار دەبێت، بەڵام ئەمەش مەترسیدارە، چونکە هاوردەکردن گران دەبێت و ژیانی خەڵک سەخت دەبێت لە عێراق.
یەدەگی زێڕی عێراق 171 تۆنی تێپەڕاندووە، ڕوانگەی ئابووری عێراقیش هۆشداری دەدات لەوەی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان یان وەبەرهێنان و هەر هۆکارێکی تر، حکوومەتی عێراقی دەستکاری یەدەگی زێڕەکەی بکات، ئابووری وڵاتەکەی دادەڕوخێت.
کولتووری کڕینی زێڕ لە جیهانی بازرگانیدا نوێ نییە، بەڵام لەم ساڵانەی کۆتاییدا خەڵکێکی زۆر زیاتر لە عێراق دەستیان کردووە بە کڕینی زێڕ، چونکە دواجار بەهۆی ئەو شڵەژانەی کە لە بازاڕی دراودا هەیە، متمانەیان بە دینار و دۆلار نەماوە.