گەشتیارانی عەرەب بە دۆینە و ترخێنە سەرسامن

هەورامان ساڵ 12 مانگ لەبارە بۆ گەشت و سەیران، گەشتیاریش لەم وەرزەدا هاتوون بۆ بینینی دیمەنەکان و تاقیکردنەوەی ئەو خواردنە کوردەوارییانەی کە تایبەتن بە وەرزی سەرما و زستان. محەممەد، خاوەنی یەکێک لە دووکانەکانی ناحیەی بیارەیە و دەڵێت، "ئەو خواردنە کوردەوارییانەی کە تایبەتن بە زستان، خواستی زۆری گەشتیاری لەسەرە.

محەممەد دارا، دووکاندار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "خواستی گەشتیار زیاتر لەسەر شتە کوردەوارییەکانە، بابەتی زستانە، وەک 'توو، هەنجیر، کەشک و دۆینە و ترخێنە'یە، ئەم بابەتانە خواستی زۆر زۆر لەسەرە، گوتیشی، ئەوەی تۆزێک نامۆیە بەلای هەندێک کڕیارەوە، ترخێنە و دۆینە، بەڵام هەر دەیبەن، واتە کڕیارمان هەبووە بردوویەتی دوای ماوەیەک هاتووەتەوە و دیسان بردوویەتییەوە.

گەشتیار لە هەموو لایەکەوە هاتوونەتە هەورامان، خواردنە جۆراوجۆرەکان تاقی دەکەنەوە، سەفا و عەلی، هەردووکیان هاوڕێن و لە بەغداوە هاتوون و دەڵێن، "دوو خواردنی کوردیمان بە دڵە کە خواردنی کوردی ڕەسەنن."

عەلی زوێر، گەشتیارە و دەڵێت، "زۆربەی خواردنە کوردەوارییەکان خۆش و بەتامن، بەتایبەتی دۆینە و ترخێنە، کە چێژ و تامێکی زۆر خۆشی هەیە."

هەروەها گەشتیارێکی دیکە بە ناوی سەفا ئاماژەی بەوەدا،"نەک هەر خواردنە کوردەوارییەکان، بەڵکو تەواوی دیمەنەکان و شوێنە کولتوورییەکان زۆر سەرنجڕاکێش و دڵڕفێنن."

لە پارێزگای هەڵەبجە 36 ناوچەی گەشتیاری هەیە کە زۆرینەیان دەکەونە هەورامان، دەیان هاوینەهەوار و سەیرانگا و هۆتێل و مۆتێل و کەپر و خانووی گەشتیاری تێدایە، ساڵانەش ملیۆنێک گەشتیار لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهانەوە ڕوو دەکەنە ناوچەکە.
چەندین جۆر خواردنی کوردی هەیە کە تام و چێژەکەیان جیاوازە لە تەواوی خواردنەکانی دیکە و سەرنجی گەشتیار و خەڵکانی بیانی سەردانیکەر ڕادەکێشن.