مەلا بەختیار لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دوورخرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە پەرلەمانی عێراق وردەکاریی نوێی لەبارەی کێبڕکێی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرا کرد.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی زیاتر لە 80 کەس کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردبوو، 70ـیان بەهۆی مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانەوە دوورخراونەتەوە و ئێستا تەنیا 11 کاندید لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە.
هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە، زۆرینەی ئەو 11 کاندیدەی کە لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە، کوردن. لەنێو دیارترین ئەو ناوانەی کە پەسەندکراون بریتین لە:
- فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی: هەردووکیان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانن.
- نزار ئامێدی: کاندیدی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
- لەتیف ڕەشید: سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، کە بۆ جاری دووەم کاندیدبوونی پەسەند کراوە.
سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێک لەو کەسانەی دوورخراوەتەوە "مەلا بەختیار"ـە، کە هۆکارەکەی بۆ پەسەندنەکردنی بڕوانامەکەی دەگەڕێتەوە.
لەبارەی موسەننا ئەمینیش، کە کاندیدی فەرمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، کوردستان24 زانیویەتی "تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی دوورنەخراوەتەوە، بەڵام کێشە لە ڕەگەزنامە (جنسییە)ـی دایکیدا هەیە، پێویستە بیسەلمێنێت کە عێراقییە، ئەگەر سەلمێنرا، ناوەکەی پەسەند دەکرێت، بە پێچەوانەوە لە کێبڕکێیەکە دووردەخرێتەوە."
پرۆسەی وردبینیکردن لە ناوی کاندیدەکان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە بەڕێوەچووە، کە تێیدا ڕەچاوی مەرجگەلێکی وەک پێشینەی تاوان و بڕوانامەی خوێندن کراوە.
پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو.
مەرجەکانی خۆکاندیدکردن:
- ڕەگەزنامەی عێراقی: دەبێت کاندیدەکە عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لە دایک بووبێت.
- تەمەن: پێویستە تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
- بڕوانامە: دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ بێت.
- شارەزایی سیاسی: پێویستە ئەزموون و شارەزایی سیاسی هەبێت و ناسراو بێت بە دەستپاکی و لێهاتوویی.
- مەرجی دادوەری: نابێت هیچ سزایەکی لەسەر بێت کە پەیوەندی بە تاوانەکانی شەرەفەوە هەبێت.
- سەروەریی یاسا: دەبێت باوەڕی بە پاراستنی سەروەریی یاسا، یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایشی وڵات هەبێت.
هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق
1. پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.
2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.
3. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
4. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.
بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری عێراق، کۆشکی 'سەلام'ـە لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لەوێوە ڕۆژانە کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبات.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.