سێنتکۆم شانەیەکی نوێی لە بنکەی ئاسمانیی عودەیدە کردەوە

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی، کردنەوەی شانەیەکی نوێی ئۆپەراسیۆنی بە ناوی (MEAD-CDOC) لە بنکەی ئاسمانیی عودەیدە لە قەتەر ڕاگەیاند، کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە یەکخستنی هەوڵەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) و هاوبەشە هەرێمییەکانی، کردنەوەی شانەیەکی نوێی هەماهەنگییان لە بنکەی ئاسمانیی عودەیدە لە قەتەر ڕاگەیاند، کە ئامانجی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی یەکگرتووە لە ناوچەکەدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سێنتکۆم، شانە نوێیەکە بە ناوی (MEAD-CDOC) یان شانەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریی هاوبەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکەوێتە ناو سەنتەری ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە هاوبەشەکان (CAOC). ئەم شانەیە کارمەندانی سەربازیی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوبەشی ناوچەکە لەخۆدەگرێت.

سێنتکۆم ئاماژەشی داوە، سەنتەری ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان (CAOC) کە زیاتر لە 20 ساڵە لە قەتەر دامەزراوە، نوێنەرانی 17 وڵات لەخۆدەگرێت و ئەرکی سەرەکییان هەماهەنگیکردنی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئامانجی ئەم شانە نوێیەش برتییە لە پتەوکردنی زیاتری هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە نێوان هاوبەشە هەرێمییەکاندا.

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگریی هەرێمی. ئەم شانەیە کار لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی هەماهەنگی نێوان هێزەکان و دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

هەروەها فەریق دێرک فرانس، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ناوەندیی ئەمەریکا لەو بارەوە گوتی: شانەی MEAD-CDOC سەکۆیەکی جێگیر بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و داهێنانی چارەسەری نوێ بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ لەگەڵ هاوبەشەکانمان دابین دەکات، ئەمەش بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیمان لە ناوچەکە بەهێزتر دەکات.

کارمەندانی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا شانبەشانی هاوتا هەرێمییەکانیان لەم شانەیەدا هەڵدەستن بە، پلاندانان بۆ مەشق و ڕاهێنانی فرەنەتەوەیی، وەڵامدانەوەی حاڵەتە لەناکاوەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئاگادارکردنەوە لە هەڕەشەکان.

کردنەوەی ئەم شانەیە دوای ئەوە دێت کە ساڵی ڕابردوو فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی سوپای ئەمەریکا، دوو سەنتەری فەرماندەیی دووقۆڵی بۆ بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لەگەڵ هەریەکە لە قەتەر و بەحرەین کردەوە، کە وەک ناوەندی پلاندانان و هەماهەنگی بۆ بەرگریی یەکگرتوو کار دەکەن.