دیموکراتەکان پرۆژەیاسایەک بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکردن یان کڕینی گرینلاند لەلایەن ترەمپەوە پێشکەش دەکەن
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، ئەندامێکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پرۆژەیاسایەک پێشکەش دەکات بۆ ڕێگریکردن لە سەرۆکی وڵاتەکەیان لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی بۆ کڕین یان داگیرکردنی دوورگەی گرینلاند بە هێزی سەربازی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆس جیمی گۆمێز، ئەندامی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، پرۆژەی یاسای پاراستنی سەروەریی گرینلاندی ئامادە کردووە. ئەم پرۆژەیاسایە ئامانجی ئەوەیە ڕێگری لە بەکارهێنانی هەر بودجەیەکی فیدڕاڵی بکات بۆ داگیرکردن، لکاندن، کڕین، یان هەر جۆرە دەستبەسەرداگرتنێکی گرینلاند لەلایەن حکوومەتی ئەمەریکاوە.
پرۆژەیاساکە هەروەها ناردنی هێزی سەربازیی ئەمەریکا بۆ دوورگەکە، یان خەرجکردنی پارە بۆ هەڵمەتی ڕاگەیاندن بە مەبەستی کاریگەری خستنە سەر خەڵکی گرینلاند قەدەغە دەکات.
ئەم هەنگاوەی دیموکراتەکان وەک وەڵامێکە بۆ پرۆژەیاسایەکی پێچەوانە کە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن کۆمارییەکانەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا دەسەڵات دەداتە ترەمپ هەنگاوی پێویست بۆ بەدەستهێنانی ئەو دوورگەیە کە لەژێر دەسەڵاتی دانیمارکدایە بنێت.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا باسی لە ئەگەری بەدەستهێنانی گرینلاند کردووە، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی دانیمارک و گرینلاند جەختیان کردووەتەوە کە خاکەکەیان بۆ فرۆشتن نییە.
دوای ئەوە سەرەتای ئەم مانگە ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و بووە هۆی دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە. ئێستا ترەمپ ئاماژە بە دەستوەردانی سەربازیی زیاتر لە گرینلاند، کۆڵۆمبیا، مەکسیک و کوبا دەکات.
بەگوێرەی ئاکسیۆس، هەردوو پرۆژەیاساکەی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان ئەگەری تێپەڕاندنیان کەمە. هەرچەندە کۆمارییەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێسیان کردووە، بەڵام بەشێکی زۆری یاسادانەران دژی بیرۆکەی بەکارهێنانی هێزی سەربازین دژی گرینلاند، بەو پێیەی گرینلاند خاکێکی دانیمارکییە و بەپێی ماددەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ پارێزراوە.