لە لاس ڤێگاسەوە ئۆتۆمبێلی وەرزشیی فڕیو نمایش دەکرێت

لە میانەی پێشانگای تەکنۆلۆژیای لاس ڤێگاس (CES)، پەردە لەسەر جۆرێکی نوێی ئۆتۆمبێلی وەرزشی لابرا کە جیاواز لە ئۆتۆمبێلە باوەکان، توانای فڕینی هەیە و بە (eVTOL) ناسراوە.

بەگوێرەی زانیاریی کۆمپانیا دروستکارەکان، ئەم ئۆتۆمبێلە کە لە شێوەی درۆندایە، خاوەنی چوار پەروانەی بەهێزە و بە وزەی کارەبا باتری کار دەکات, ئەم ئۆتۆمبێلە بە یەکجار بارگاویکردنەوە دەتوانێت بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بفڕێت و لەو ماوەیەدا دەتوانێت مەودای 100 بۆ 170 کیلۆمەتر ببڕێت، هاوکات ئەوپەڕی خێراییەکەی دەگاتە نزیکەی 250 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، نرخی ئەم ئۆتۆمبێلە فڕیوانە هەرزان نییە و لە نێوان 300 بۆ 500 هەزار دۆلاری ئەمەریکیدایە. سەرەڕای بەرزیی نرخەکەی، خواستێکی جیهانیی لەسەر دروست بووە و لە ئێستادا 3000 کڕیار لە 50 وڵاتی جیاوازەوە ناوەکانیان لە لیستی چاوەڕوانیدا تۆمار کردووە بۆ کڕینی، جا چ بۆ بەکارهێنانی کەسی بێت یان وەک تاکسیی ئاسمانی.

شارەزایان پێشبینی دەکەن لە داهاتوودا ئەم بەرهەمە زیاتر پەرەی پێ بدرێت. بەهۆی ئەوەی ئەم ئامێرانە پێویستیان بە قیرتاوکردنی شەقام و ژێرخانی ڕێگەوبان نییە، چاوەڕوان دەکرێت وردە وردە نرخیان دابەزێت و شوێنی ئۆتۆمبێلی ئاسایی بگرنەوە.