جوتیارانی فەرەنسا بە 350 تراکتۆرەوە لە بەردەم پەرلەمان گردبوونەوە
لە دڵی پاریسی پایتەختدا، جووتیارانی فەرەنسا بە کاروانێکی گەورە کە لە 350 تراکتۆر پێکهاتبوو، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و لەبەردەم بینای پەرلەمانی ئەو وڵاتە گردبوونەوە.
خۆپیشاندانەکە وەک کاردانەوەیەکە دژی ئەو ڕێککەوتنە بازرگانییە ئازادەی بڕیارە لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەمەریکای باشوور واژۆ بکرێت. جوتیاران پێیان وایە ئەم ڕێککەوتنە گورزێکی کوشندە لە کەرتی کشتوکاڵی ئەوروپا دەدات.
بە گوتەی جوتیارانی ناڕازی، کردنەوەی دەرگا بەڕووی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە وڵاتانی وەک بەڕازیل، ئەرجەنتین، پاراگوای و ئۆرگوای، بازاڕەکانی ئەوروپا پڕ دەکات لە بەرهەمی هەرزان. ئەوان دەڵێن ئەو بەرهەمانە ستانداردە توندەکانی یەکێتیی ئەوروپایان تێدا ڕەچاو نەکراوە، ئەمەش کێبڕکێیەکی ناڕەوا دروست دەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتری داهاتی جووتیارانی ناوخۆ و تەنانەت لەناوچوونی بەرهەمەکانیان.
سەرەڕای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دژی ئەو ڕێککەوتنە دەنگ دەدات، بەڵام جوتیاران هێشتا متمانەیان نییە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەست دەکەن لەلایەن زۆرێک لە دەسەڵاتدارانەوە پشتگوێ خراون و گوێ بە نیگەرانییە مەترسیدارەکانیان نادرێت.