لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

K24- هەولێر:

لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی بڵاویکردەوە، سەرباری راگەیاندنى راگرتنى خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکان لە راگەیاندراوى رۆژى 9/12/2020؛ جێگەى نیگەرانیمانە، هەندێک کەس و لایەن بۆ مەرامى کەسێتى و ئەجێندای جیاجیاکانیان و خەونى بوون بە پاڵەوان و کێبڕکێ کردن بۆ خاوەن دارێتى شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لەسەر حیسابى ژیانى خەڵک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها بەلاڕێدا بردنى داواى رەواى مامۆستایان و فەرمانبەرانى بەڕێزى پشوو درێژ، لەئەنجامدا هەموویان یەکیان گرت بۆ تێکدانى بارودۆخى ئارامى لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و بەشێک لە قەزاو ناحیەکانى تر لە ئیدارە سەربەخۆکان.

لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی بەم هۆیەوە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد:

1. لیژنەى باڵا دووپاتى دەکاتەوە تێکدانى بارودۆخى ئەمنى بەگشتى و بەتایبەت شارى سلێمانى خۆشەویست هێڵى سورە،هەروەک ڕاگرتنى جوڵەى ژیانى خەڵک و بەردەوامى خۆپیشاندانى بێ مۆڵەت باجێکى قورس و سزایەکى توندى یاسایى هەیە.
2. هێزە ئەمنییەکان پلان و ڕێکارى نوێ و ڕێنمایی نوێیان پێدراوە کە بەزووترین کات ئارامى بگەڕێننەوە.
3. هەڵمەتى دەستگیرکردن بەردەوامى دەبێت بۆ هەموو ئەوانەى کە پێشهێلی یاسا دەکەن و ڕۆڵیان هەیە لەبەردەوامیدان بەخۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکان وە ئەوانەى زیان دەگەیەنن بە موڵکى گشتى.
٤. پێویستە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن پابەند بن بە یاسا بەرکارەکان و خۆیان بپارێزن لە ئاڵۆزکردنی و شێواندنى بارو دۆخەکە و لە ڕوماڵەکانیاندا بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای یاسایی و کارگێڕی توند دەبنەوە.