قاهیرە: بڕیارەکەی واشنتن دژ بە ئیخوان موسلیمین هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە

میسر بە فەرمی پێشوازیی لە بڕیاری ئەمەریکا، بۆ پۆلێنکردنی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەکات.

ڕۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: میسر پێشوازیی لە بڕیاری ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە پۆلێنکردنی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی جیهانی.

میسر کە خۆی لە ساڵی 2013ـەوە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینی وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە، ئەم بڕیارەی ئەمەریکای بە "هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە" پێناسە کرد.

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێت: "میسر ئەو هەوڵانەی ئیدارەی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەرز دەنرخێنێت.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، میسر دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم پۆلێنکردنەی دواییی ئەمەریکا، ڕەنگدانەوەی دروستی و ڕەوایەتیی ئەو هەڵوێستە توندەیە کە دەوڵەتی میسر دوای شۆڕشی 30ـی حوزەیرانی 2013 کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیخوان هێنا گرتییە بەر.

لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی میسر جەختی کردەوە لەسەر سووربوونی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوە و جۆرەکانییەوە، هەروەها وشککردنی سەرچاوە فکری و دارایییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ڕێکخراوە توندڕەوەکان کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاری دا لقەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لە هەریەک لە وڵاتانی میسر، ئوردن و لوبنان وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێن بکات.

لەو بارەیەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی ئیدارەی ئەمەریکایە بۆ وشککردنی سەرچاوە دارایییەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو چالاکییانەی کە پەیوەستن بەم ڕێکخراوەوە.

 

پاشخانێک لەسەر کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین

کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین (الإخوان المسلمون)، لە ساڵی 1928 لەسەر دەستی "حەسەن بەننا" لە شاری ئیسماعیلییەی وڵاتی میسر دامەزرا. ئەم کۆمەڵەیە وەک کۆنترین و کاریگەرترین بزووتنەوەی ئیسلامیی سیاسی لە جیهانی سوننەدا دادەنرێت.

 

ئایدیۆلۆژیا و ئامانج

دروشمی سەرەکیی کۆمەڵەکە بریتییە لە "ئیسلام چارەسەرە". فیکری ئیخوان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ئیسلام تەنیا پەرستش نییە، بەڵکو سیستەمێکی گشتگیرە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئابووری و کۆمەڵگە. ئامانجی سەرەکییان گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی و دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر بنەما ئایینییەکان.

 

گەشەسەندن و لقەکان

سەرەڕای ئەوەی لە میسر سەری هەڵدا، بەڵام زوو تەشەنەی کرد بۆ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی. ئیخوان لە وڵاتانی وەک ئوردن، سووریا، کوەیت، فەڵەستین (بزووتنەوەی حەماس وەک باڵی ئیخوان دادەنرێت)، و باکووری ئەفەریقا لقی هەیە. لە هەندێک وڵاتدا (وەک ئوردن و مەغریب) وەک پارتێکی سیاسیی یاسایی بەشدارن، لە هەندێکی دیکەدا قەدەغەکراون.

 

بەهاری عەرەبی و کەوتنی دەسەڵات

خاڵی وەرچەرخانی مێژووی ئیخوان لە ساڵی 2011 و سەرهەڵدانی "بەهاری عەرەبی" بوو. ئیخوانەکان لە میسر توانییان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات بگرنە دەست و "محەممەد مورسی" بووە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئیخوان. 

بەڵام ئیخوانەکان لە ساڵی 2013، لە لایەن سوپای میسرەوە دەسەڵاتەکەیان لێ سەندرایەوە و ڕووبەڕووی گەورەترین هەڵمەتی دەستگیرکردن بوونەوە.

ئێستا وڵاتانی میسر، سعوودییە، ئیمارات و بەحرەین، ئیخوانیان وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناساندووە.