سوپای پاسداران: وەڵامی یەکلاکەرەوەمان بۆ هەر هێرشێک دەبێت
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، سەرجەم زیانەکانمان چاک کردووەتەوە و ئێستا لە لووتکەی ئامادەباشیدان، هاوکات جەختی کردەوە ، ئاستی توانای بەرهەمهێنانی مووشەکیان بەرزترکردووەتەوە، باسی لەوەش کردووە، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر جۆرە سەرکێشییەک دژی گەلەکەیان دەدەنەوە.
سێشەممە 13ـی کانوونی دوومی 2026، ئیبراهیم ڕەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران لە زاری فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە لووتکەی ئامادەباشیدان و ئاستی بەرهەمهێنانی مووشەکیان لە دوای جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل بەرزتر کردووەتەوە.
مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران ئاماژەی بە یەدەگی مووشەکیی وڵاتەکە کرد و گوتی: ئاستی بەرهەمهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا بەراورد بە پێش جەنگی 12 ڕۆژە زیاتر بووە. دڵنیاییشی دا، لەم ماوەیەدا سەرجەم ئەو زیانانەی هێزی سەربازی ئێران کەوتبوو، چاککراونەتەوە و ئێستا لە لووتکەی ئامادەییدان.
فەرماندەکەی سوپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە هێزەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هێرشێک ئامادەیە و ڕایگەیاند: هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و تێکشکێنەر وەڵامی هەر جۆرە سەرکێشییەک دژی گەلی ئێران دەداتەوە، بە جۆرێک کە ببێتە وانە و مایەی پەشیمانی.