ترەمپ داوا دەکات هاووڵاتییانی وڵاتەکەی ئێران جێبهێڵن

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیامێکی نوێدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و دۆستەکانیان کرد بەپەلە ئێران جێبهێڵن، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بەبێ لەناوبردنی ژێرخانی ئەتۆمیی تاران، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی نەدەهات.

سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، باشتر وایە هاووڵاتی و دۆستەکانمان ئێران جێبهێڵن. ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوخۆی ئێران ئاڵۆزە و خۆپیشاندان هەیە. سەبارەت بە قوربانییانی ناڕەزایەتییەکان، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا تا ئێستا ئاماری وردیان لەبەردەست نییە سەبارەت بە ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان، بەڵام بەم زووانە ژمارەی کوژراوان دەزانن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندن و لەناوبردنی توانای ئەتۆمیی ئێران کە بە "کارەسات" وەسفی کرد.

ترەمپ گوتی: بەبێ لەناوبردنی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینەدەهات. هەروەها پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی ئێران کرد و گوتی: بەم زووانەش خەڵک دەزانن ئەمەریکا چۆن یارمەتی خەڵکی ئێران دەدات.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەشڵێت: بکوژانی خۆپیشاندەران لە ئێران باجێکی گەورە دەدەن، جەختیش لەوە دەکاتەوە، تەنانەت کوشتنی یەک خۆپیشاندەرێکیش زۆرە، بەڵا بەرپرسانی ئێران دەیانەوێت ژمارەی کوژراوان بشارنەوە.