ڕێبوار هادی: هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی کۆمار بەردەوامن
ڕێبوار هادی ئاماژە بەوە دەکات، هەموو هەوڵێک دەدەین بە یەک کاندید بچینە بەغدا، لە هەرلایەنێکی کوردی بێت کێشەمان نییە، بەڵام دەبیت هەموومان لەسەری ڕێککەوین.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕێبوار هادی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات ڕایگەیاند: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق تەشریفاتیە، لەنێوان سەرۆکاتییەکان دەستوور گرنگیی زیاتری بە سەرۆک کۆمار داوە، هەروەها دەتوانێت لە هەرکاتێکی بەپەلە و پێویست داوا بکات پەرلەمان دانیشتن ئەنجام بدات، بەڵام کورد لە گرنگیدان بە پۆستی سەرۆک کۆمار کەمتەرخەم بووە، سەرەڕای ئەو هەموو دەسەڵاتە زۆرە، بەڵام کورد نەیتوانیوە سوودی لێ وەرگرێت.
ڕێبوار هادی، گوتیشی: لە دوو خولی ڕابردوو سەرۆک کۆمار هیچ ڕۆلێکی گرنگ و کاریگەری بۆ کورد نەبووە، هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش لە نێوان پارتی و یەکێتیی بەردەوامن، ئەگەر نەگەیشتینە ڕێککەوتن پارتی کاندیدی هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پێویستە ئەوەی دەبێتە سەرۆک کۆمار کاندیدی هەموو کورد بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین بە یەک کاندید بچینە بەغدا، لە هەرلایەنێکی کوردی بێت کێشەمان نییە، بەڵام دەبیت هەموومان لەسەری ڕێککەوین.
باسی لەوەش کرد، کاندیدانی پارتی خاوەن ئەزموون و ناسراون لە عێراق و ناوچەکە، هەروەها بۆ ئەوەی کاندیدێک ببێتە سەرۆک کۆمار دەبێت لە دانیشتنی یەکەم لە کۆی 329 پەرلەمانتار 220 پەرلەمانتار دەبێت ئامادەبن ئەگەر دەنگی پێویست بەدەست نەهات، لە دانیشتنی دووەم کامە کاندید دەنگی زیاتری بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆک کۆمار.