ترەمپ چاوەڕێی ئاماری دروستیی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێش ئەوەی هیچ بڕیارێکی سیاسی یان کردەیی بدات، چاوەڕێی گەیشتنی ئامارێکی "دروست و پشتڕاستکراوە" دەکات لەسەر ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندەران لە ئێران.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد؛ هەرچەندە ژمارەی کوژراوان بەرچاو دەردەکەوێت، بەڵام هێشتا لای ئەوان بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، یاداشتێکی ناڕەزایەتی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.
ئیروانی تێیدا سەرۆکی ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی سیاسی وڵاتەکەی دەدات و بە لێدوانەکانی هانی توندوتیژی لە ناوخۆی ئێران دەدات.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان جەختی کردەوە، ئیدارەی واشنتن بەم نێزیکانە ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناوخۆی ئێران بەدەست دەگات و بەو پێیەش هەڵسوکەوتی گونجاو دەنوێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە نەبوو هیچ وردەکارییەک لەسەر جۆر و سرووشتی ئەو هەنگاوانە ئاشکرا بکات کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بیگرنەبەر.
دوێنێ سێشەممە 13ـی کانوونی دوومی 2026، ئیبراهیم ڕەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران لە زاری فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە لووتکەی ئامادەباشیدان و ئاستی بەرهەمهێنانی مووشەکیان لە دوای جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل بەرزتر کردووەتەوە.
لای خۆیەوە مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران ئاماژەی بە یەدەگی مووشەکیی وڵاتەکە کرد و گوتی: ئاستی بەرهەمهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا بەراورد بە پێش جەنگی 12 ڕۆژە زیاتر بووە. دڵنیاییشی دا، لەم ماوەیەدا سەرجەم ئەو زیانانەی هێزی سەربازی ئێران کەوتبوو، چاککراونەتەوە و ئێستا لە لووتکەی ئامادەییدان.
فەرماندەکەی سوپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە هێزەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هێرشێک ئامادەیە و ڕایگەیاند: هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و تێکشکێنەر وەڵامی هەر جۆرە سەرکێشییەک دژی گەلی ئێران دەداتەوە، بە جۆرێک کە ببێتە وانە و مایەی پەشیمانی.