شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی بەغدا و سەرایا سەلام ڕوویدا
شەوی ڕابردوو لە بەغدا شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەرایا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر ڕوویدا و 9 چەکداری سەرایا سەلام دەستگیر کران.
بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەتەوە دەنگی تەقەیەکی زۆر لە ناوچەی شەعبی بەغدا بیستراوە و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایگەیاند، چەندین چەکدار خۆیان وەکو سەرایای سەلام ناساندووە، هێرشییان کردووەتەوە سەر کرێکارێکی بەنزینخانەیەک و دواتر دەستگیرکراون.
لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هەردوولادا ڕوویداوە، بەڵام زیانەکان ئاشکرا نەکراون.
لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی پاڵنەرەکانی پشت ڕووداوەکە، هەروەها ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون دەگیرێتەبەر. بەرپرسانی ئەمنی پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی هاووڵاتیان و مامەڵەکردن بە توندی لەگەڵ هەر پێشێلکارییەک کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری بکات دووپات دەکەنەوە.
لە ماوەی رابردوودا لە چەند شارێکی عێراق ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و سەرایای سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر ڕوویداوە.