دلێر عەبدلواحید: هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراک دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، بریکارانی سێ بنکەی ناو شاری هەولێر ئاگادار دەکاتەوە، بۆ وەرگرتنی لیستی نوێ و ئەنجامدانی ڕێکارە داراییەکان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن، بە مەبەستی دەستپێکردنی دابەشکردنی سەبەتەی هەشتەمی بەشەخۆراکی ساڵی 2025.

دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026 تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند: "داوا لە بریکارانی بنکەکانی 201، 202، 203 لە ناو شاری هەولێر دەکەین، ئەمڕۆ سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی لیستی بریکاری و پێشکەشکردنی پارەی تێچووی بەشەخۆراک، بۆ ئەوەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکەکە بکرێت."

سەبارەت بە پێکهاتەی ئەم وەجبەیەی خۆراک، بەڕێوەبەری بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد کە سەبەتەی هەشتەم هەمان پێکهاتەی حکوومەتی فیدراڵییە و هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان سەبەتەی خۆراکی هەرێمی کوردستان و  بریتین لە:

1 لیتر زەیتی جۆری الدار.
1 کیلۆگرام شەکر.
3 کیلۆگرام برنج.
500 گرام نیسک.
500 گرام ئارینۆک (پۆڵگوڕ).
400  گرام دۆشاوی تەماتە.
دلێر عەبدولواحید جەختی لەوەش کردەوە؛ پێویستە بریکارەکان ڤیزە کارتی بانکی (جنوب ئیسلامی)یان پێبێت بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکان، ئاگاداریشی کردنەوە؛ هەر بریکارێک پێشەکی پارەی تێچوو پێشکەش نەکات، بەشەخۆراکی بۆ ڕەوانە ناکرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراکی هەولێر ڕوونیکردەوە کە بەهۆی هەندێک گرفت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، دابەشکردنی ئەم وەجبەیە کەمێک دواکەوت، بەڵام ئێستا گرفتەکان چارەسەر کراون و دابەشکردنی ئەم وەجبەیە لەسەر بنەمای لیستی بریکاری مانگی 12ـی ساڵی 2025 دەبێت.