گوتەبێژی حکوومەت: داوای حەوت مووچەی فەوتاو لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین
گوتەبێژی حکوومەت ڕایدەگەیەنێت، لە سێ ساڵی ڕابردوودا حەوت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان خوراوە و دەستبەرداریان نابن. دەشڵێت، "پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی 14%ـە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە و دوو تەوەری تاوتوێ کرد؛ بودجە و مووچەی فەرمانبەران و ڕێککەوتن سێقۆڵیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە کە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند؛ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
"داوای بودجە و حەوت مووچەکە دەکەین"
پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند، چاوەڕێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەن و هەر کاتێک پێکهێنرا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی بودجە گفتوگۆی لەگەڵ دەکات. گوتیشی "ئێمە جارێکی دیکە پرسی مووچە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ ناکەین. ئێمە باسی بودجە دەکەین."
بە گوتەی هەورامانی، بەپێی ژمارەی دانیشتووان، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق، 14%ـە، بەڵام "تاوەکو ئێستا ئەوەی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دراوە، زۆر زۆر کەمتر بووە لە مافی یاسایی و دەستووریی خۆی. لەوانەیە پرسیار بکەن بڵێن دوو مووچە، نەخێر ئێمە دوو مووچەمان لێ نەچووە، ئێمە حەوت مووچەمان لێ خوراوە بە ستەم لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا."
گوتەبێژی حکوومەت ئەوەشی خستەڕوو " جەنابی سەرۆکی وەزیران داوای کرد، لەمڕۆوە کاغەزێک ئامادە بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەبارەی یاسای نوێی بودجەی فیدراڵی ."
ڕێککەوتنی نەوتی کوردستان
22ى ئەیلوولی 2025، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت ڕێککەوتنێکى سێ قۆڵییان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان واژۆ کرد؛ ماوەی ڕێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بوو.
لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، هەورامانی گوتی "ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەرەتاوە بەو جۆرە بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ بێت؛ ئەگەر لە ماوەی سێ مانگدا هیچ لایەنێک تێبینی لەسەر نەبوو، ئەوا ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جارێکی دیکە تازە دەبێتەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گرێبەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بۆ وردبینیی لە تێچوو و داهاتی نەوت، هەورامانی ڕایگەیاند "نزیکەی دوو هەفتەیە کۆمپانیاکە دەستبەکار بووە و 90 ڕۆژیان لەبەردەستە بۆ پێشکەشکردنی ئەنجامی یەکلاکەرەوە بە هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی."
ڕووداوەکانی حەلەب
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی سەربازیی کردە سەر هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) و بەوهۆیەوە دەیان هاووڵاتیی کورد شەهید، بریندار و ئاوارەبوون.
لەبارەی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕەکە، گوتەبێژی حکوومەت گوتی "جەنابی سەرۆکی وەزیران لە گەرمەی ڕووداوەکان قسەی خۆی هەبوو و پەیامی خۆی بڵاوکردەوە لەسەر ئەو بابەتە. ئێمە نیگەران بووین لەو دۆخەی کە هاتە ئاراوە."
هەورامانی ئەوەشی خستەڕوو "داوامان کردووە کە لە سووریا هەموو ئەو پێکهاتانەی هەن، هەست بکەن کە حکوومەت حکوومەتی خۆیانە. لەبارەی گۆڕانکاری دیموگرافی و دەستبردن بۆ کورد، نیگەرانیی خۆمان گەیاندووە. پێویستە هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتییەوە ڕەفتار لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکەن و جارێکی دیکە هاوڵاتییانی سیڤیل، خەڵکی بێچەک، خەڵکی بێدەسەڵات و بێتاوان، نەگەرێنەوە ئەو دۆخەی کە لە سەردەمی حکوومەتی پێشوو بینیویانە."
کێشەی گومرگەکان و بنەما دەستوورییەکان
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، "بەپێی ماددەی 110ی دەستووری عێراق، مامەڵەکردن لەگەڵ گومرگەکان لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵیدایە، بەڵام ماددەی 114 جەخت لەوە دەکاتەوە، بەڕێوەبردنی گومرگەکان دەبێت بە هاوبەشی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکاندا بێت."
هەورامانی ڕەخنەی لەوە گرت، حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی تاکلایەنە "دەستەی گومرگەکان"ی دامەزراندووە، کە لە هیچ دەقێکی دەستووریدا دانپێدانراو نییە و ڕاچاوەی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی نەکردووە.