سروە ڕەسوڵ: حکوومەتی هەرێم کارئاسانی بۆ گەڕاوەکان دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندیی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی کۆچبەران و ئەو سیستەمە نوێیەی بۆ پشتیوانی گەڕاوەکان دامەزراوە.
سروە ڕەسوڵ ئاماژەی بەوە کرد؛ بڕیاری دیپۆرتکردنەوە کە لە ساڵی 2023ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئالێنگارییەکی گەورەیە بۆ جیهان و بەتایبەت بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان. ناوبراو ڕایگەیاند: "زۆرێک لە هاووڵاتییانمان بەهۆی کێشەکانی ماددەی 140، قەیرانی دارایی و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس کە لەناو هەرێمی کوردستان هەن، ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە و ئەم بڕیارە کاریگەری نەرێنی لێ کردوون."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری JCC جەختی کردەوە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM)، یەکێتیی ئەوروپا و بە پشتیوانی حکوومەتی هۆڵەندا، سیستەمێکی تایبەتی بۆ گەڕاوەکان دامەزراندووە. ئەم سیستەمە کە لە ساڵی 2023 لە هەولێر دەستی پێکردووە، وەک چەترێک وایە بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان و ئامانج لێی هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە کە دەگەڕێنەوە تا بتوانن بە زووترین کات تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە و ژیانێکی شایستە دەست پێ بکەنەوە.