فەرمانی چۆڵکردن بە سەربازانی ئەمەریکا درا
ئەمەریکا داوای لە ژمارەیەک سەربازی کردووە، گەورەترین بنکەی سەربازیی وڵاتەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێ بهێڵن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ دیپلۆماتکاری ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە بنکەی سەربازیی عودەید لە قەتەر ئاگادار کراونەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2026، شوێنەکە بەجێبهێڵن.
یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان بە ڕۆیتەرزی گوتووە، ئەمە بریتییە لە "گۆڕانکاری لە دۆخی سەربازی" نەوەک کشانەوەی فەرمی لە بنکەکە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە قەتەر هیچ ڕاگەیەندراو یان ڕوونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
بنکەی "عودەید" گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زیاتر لە 11,000 ئەفسەر، سەرباز و ڕاهێنەری تێدایە. هاوکات، دەیان جۆری فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەریش لەخۆ دەگرێت.