مالیکی: بونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر، بەندە بە کۆنترۆڵکردنی چەک
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە کردەوە، بونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر، تەنیا لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە و چەسپاندنی سەروەریی یاساوە دەبێت.
چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: نووری مالیکی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، خواستی عێراقی بۆ بەردەوامیی هاریکاری و بنیاتنانی پەیوەندییەکی تۆکمە و هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا نیشان داوە، ئەوەش لە ڕێگەی کاراکردنەوە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی "ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی" کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراوە.
هاوکات دووپاتی کردەوە، کە ڕێگەی بونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر، تەنیا لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە و چەسپاندنی سەروەریی یاساوە دەبێت.
لەلایەن خۆیەوە، جۆشوا هاریس، هیوای خواست کە کار بۆ پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بکرێت، بە شێوەیەک کە ڕۆڵی هەبێت لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و تەواوی ناوچەکەدا.
لێدوانەکانی مالیکی هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا پێشتر چەندین جار بە فەرمی هۆشداریی توندی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کردووە، بەوەی دەبێت چەکەکانیان دابنێن و خۆیان هەڵبووەشێننەوە.
سەرەڕای بەردەوامیی ئەو هۆشدارییانە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە وەک پێویست و بە شێوەیەکی کردەیی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیە هەستیارەدا بکات و فشاری جیددی نەخستووەتە سەر ئەو گرووپانە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دیاردەی چەکداریی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بهێنن.