لیندزی گراهام: پشتگیریی هێورکردنەوەی دۆخی سووریا دەکەم

سێناتۆرێکی ئەمەریکی، پەیامێکی توندی ئاراستەی حکوومەتی نوێی سووریا کرد و ڕایگەیاند، هەر جۆرە پێشڕەوییەک دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان، کاردانەوەی توندی ئەمەریکای لێ دەکەوێتەوە و جەختی کردەوە، کە کورد هاوپەیمانی سەرەکیی تێکشکاندنی داعش بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، لیندزی گراهام، سێناتۆری ئەمەریکی و هاوڕێی نزیکی دۆناڵد ترەمپ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: بە تەواوی پشتیوانیی لە هێورکردنەوەی دۆخی سووریا دەکەم، هاوکات هۆشداری دەدەینە حکوومەتە نوێیەکەی سووریا کە هەر جۆرە پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ دژی کەمینەکان، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابین."

سیناتۆرە ئەمەریکییە دەڵێت: ئەوەی لە هەمووی زیاتر جێگەی نیگەرانییە، بەدەستگەیشتنی چەندین ڕاپۆرتی باوەڕپێکراوە کە ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای سووریا  بە نیازە زیاتر پێشڕەوی بکات دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان، ئەم هەنگاوەش بە بڕوای من، کاردانەوەی توندی ئەمەریکای لێ دەکەوێتەوە."

گراهام هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی دیمەشق ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە دا: سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی لە پێدانی دەرفەتێک بەم حکوومەتە نوێیەی سووریا دەکەم، بەڵام هەرگیز هێرشی بێباکانە و ئاشکرا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکانمان قبووڵ ناکەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گراهام ستایشی ڕۆڵی کوردی کرد و گوتی: کوردەکان هێزی سەرەکی بوون لە تێکشکاندنی داعش.

لیندزی گراهام، کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا بە ئاراستەکردنی هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ دیمەشق و ڕایگەیاند: "پەیامم بۆ حکوومەتی سووریا و ئەوەیە؛ ژیرانە بڕیار بدات".