ئەمەریکا پێدانی ڤیزا بە خەڵکی عێراق و 74 وڵاتی دیکە ڕادەگرێت
ئەمەریکا لە 21ـی ئەم مانگەوە بڕیاری پێدانی ڤیزا بە ژمارەیەک وڵات سنووردار دەکات و لە نێو ئەم وڵاتانەدا عێراقیش هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، پرۆسەی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی 75 وڵات بە عێراقیشەوە ڕادەگرێت، لەناو ئەم وڵاتانە، ڕووسیا، بەرازیل، میسر، تایلەند، نێجیریای تێدایە، هەروەها بڕیارەکە لە 21ـی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت، بڕیارەکە تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی توندترکردنی پشکنین و وردبینییە بۆ ئەو کەسانەی داواکاری پێشکەش دەکەن و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ببنە بارگرانی لەسەر سیستەمی هاوکارییە گشتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
بەپێی یاداشتێکی ناوخۆیی وەزارەتی دەرەوە ڕێنمایی دراوە بە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا کە داواکارییەکانی ڤیزا ڕەت بکەنەوە بە پشتبەستن بە یاسا کارپێکراوەکان، تا ئەو کاتەی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ ڕێکارەکانی پشکنین و وردبینی کۆتایی دێت.
وڵاتی سۆماڵ کەوتووەتە ژێر وردبینییەکی چڕی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی ئەمەریکا، ئەمەش لە پاش ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی ساختەکاری لە ویلایەتی مینیسۆتا کە پەیوەندی بە خراپ بەکارهێنانی پڕۆگرامەکانی هاوکاریی دارایی هەبووە و ژمارەیەک لە تێوەگلاوانی دۆسیەکە بە ڕەچەڵەک سۆماڵین.