وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: ئاسایشی جەمسەری باکوور بۆ ئێمە و ناتۆ چارەنووسسازە

یڤیت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
یڤیت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا

یڤیت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە سەردانەکەیدا بۆ فینلەندا و نەرویج، داوای لە هاوپەیمانییەتی ناتۆ کرد، هەوڵەکانیان لە جەمسەری باکوور بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ناتۆ چڕ بکەنەوە.

چوارشەممە، 14ـی  کانوونی دووەم 2026، پێگەی فەرمیی حکوومەتی بەریتانیا، بڵاوی کردەوە "یڤیت کووپەر، وەزیری دەرەوە، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ فینلەندا و نەرویج، داوای لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی 'ناتۆ' کرد هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ناتۆ، لەو ناوچە ستراتیجییەدا چڕ بکەنەوە، چونکە ئاسایشی جەمسەری باکوور بۆ پاراستنی بەریتانیا و ناتۆ، زۆر گرنگە."

کووپەر، گوتیشی: شانیشینی یەکگرتوو، بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمیی و بەرەنگاربوونەوەی بەهێزی هەڕەشەی دوژمنان، بە گرنگ دەزانێت و لە پێشەنگی هەوڵە ئەمنییەکاندایە لە جەمسەری باکوور، کە تێیدا گۆڕانی ئاووهەوا، ئەو ناوچەیە دەکاتە چەقی ململانێی جیۆسیاسی و بەرەیەکی گرنگی ڕووبەڕووبوونەوە.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە، لەگەڵ هاوپەیمانانمان کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانمان لە جەمسەری باکوور و بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی کەسانی وەک ڤلادیمێر پوتن، لەوەی هەڕەشە لە بەرژەوەندی و ژێرخانەکانمان بکات.

کووپەر، دووپاتی کردەوە: ئێمە لامانوایە ئاسایشی جەمسەری باکوور پرسێکی زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی بەریتانیا و ناتۆ؛ یەکخستنی هەوڵەکانمان وەک هاوپەیمانییەک، ئەو توانایەمان پێ دەدات پێکەوە کار بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە.

ئامانج لە سەردانەکەی کووپەر بۆ جەمسەری باکوور، ئاگەداربوونە لە هەوڵەکانی شانشینی یەکگرتوو بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و تیشکخستنە سەر گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی بەهێزی ئەو وڵاتە نەیارانەی کە هەوڵی دەستوەردان لەو ناوچە ستراتیجییە دەدەن.

بڕیارە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ فینلەندا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لەگەڵ پاسەوانی سنوور کۆ ببێتەوە کە ئەرکی پاراستنی باڵی ڕۆژهەڵاتی ناتۆیان لە ئەستۆیە لە بەرانبەر ڕووسیا. لە نەرویجیش، سەردانی هێزەکانی پیادەی دەریایی شاهانە دەکات کە بەشداری لە نمایشێکی مەشق و ڕاهێنانی زیندوودا دەکەن لە سەربازگەی ڤایکینگ. ئەم بنکە سەربازییە، بە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی کۆماندۆی بەریتانی لەو ناوچەیە دەناسرێت، کە تێیدا مەشقی بنەڕەتی لە کەشوهەوای سارددا بۆ نزیکەی هەزار و 500 سەرباز دابین دەکات.