ناوەندی پێنی کورد بۆ جیهان: قەڵەمەکانتان بکەنە قەڵغان بۆ پاراستنی کورد لە شمشێری فاشیزم

ناوەندی پێنی کورد، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئاراستەی "پێنی نێودەوڵەتی" و ویژدانی جیهانی کردووە، داوای شکاندنی بێدەنگی دەکات لە بەرانبەر ئەو شاڵاوە فراوانەی بۆ سڕینەوەی ناسنامە، زمان و بوونی نەتەوەی کورد دەستی پێ کردووە، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ناوەندی پێنی کورد، لە ڕاگەیەنراوێکدا، دۆخی ئێستای کورد بە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان "شکۆی مرۆڤایەتی" و "فاشیزمی ئایینی و نەتەوەیی" پێناسە دەکات. ئاماژە بەوە دەکات کە قەدەغەکردنی زمانی کوردی جۆرێکە لە "جینۆسایدی سپی" و هەوڵێکە بۆ دابڕینی منداڵی کورد لە ڕەگ و مێژووی خۆی.

سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، پێنی کورد ڕەخنەی توند لەو گرووپانە دەگرێت کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و لەژێر پەردەی ئاییندا، "جیهاد" دژی کورد ڕادەگەیەنن و تاوانی دڕندانە ئەنجام دەدەن، وەک ئەوەی لە عەفرین دەگوزەرێت و ئەو دیمەنە تراژیدیایەی خستنەخوارەوەی کچە کوردێک لە حەلەب، کە بە "شکستی ئەخلاقیی عەقڵییەتێکی تاریک" پێناسەی کردووە.

ناوەندەکە هەروەها نیگەرانیی خۆی دەربارەی ڕۆڵی میدیا و بەشێک لە "ڕۆشنبیرانی" وڵاتانی ناوچەکە دەربڕیوە، کە بوونەتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی ڕق و بەدێوکردنی کورد. لەو چوارچێوەیەدا پێنی کورد 5 داواکاریی ئاراستەی پێنی نێودەوڵەتی کردووە:

1. شکاندنی بێدەنگی و ڕسواکردنی تاوانەکان.

2. پشتیوانیکردن لە خەباتی ژنانی کورد دژی تاریکپەرستی.

3. گوشار خستنە سەر داگیرکەران بۆ پاراستنی زمانی کوردی.

4. چاودێریکردنی ئەو میدیایانەی وتاری ڕق و فەتوای کوشتن بڵاو دەکەنەوە.

5. پێکهێنانی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە ناوچە داگیرکراوەکان.

لە کۆتاییدا پەیامەکە جەخت دەکاتەوە کە سەردەمی خەلافەت و ئیمپراتۆرییەتەکان بەسەرچووە و پێکەوەژیان تەنیا بە داننان بە مافەکانی "ئەویتر" و یەکسانی دێتە دی.

هاواری بێدەنگی؛ بانگەوازێکی کراوە بۆ "پێنی نێودەوڵەتی" و ویژدانی جیهان لە پەراوێزی سڕینەوەی ناسنامەی کوردیدا

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی ناوەندی پێنی کورد

بانگەوازێک لە لایەن "ناوەندی پێنی کورد"ەوە بۆ "پێنی نێودەوڵەتی" و هەموو ئازادیخوازانی جیهان

پێشەکی: جوگرافیای ئازار و فەلسەفەی مانەوە لە دەروەوی مێژوودا

لەو کایە فەلسەفییەی کە تێیدا "بوون" لە ململانێدایە لەگەڵ "نەبوون"، گەلێک هەیە کە مێژووەکەی بە خوێن و جوگرافیاکەی بە تێپەڕاندنی سنوورە دەستکردەکان نەخشێنراوە؛ ئەو گەلە "کورد"ە. ئەم نەتەوەیە، کە وەک داربەڕووەکانی چیاکانی سەرکێش ڕەگی لە قووڵایی خاکدایە، تەنیا بۆ پاراستنی نیشتمانێک ناجەنگێت، بەڵکوو لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردنە لە "شکۆی مرۆڤایەتی".

لێرەدا، ئەم وتارە تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوە سیاسییەکان نییە، بەڵکوو هەڵماڵینی ئەو پەردە ئەستوورە فاشیست و ڕەگەزپەرستەیە کە دەیەوێت بە ناوی ئایین و نەتەوەوە، زمان، کولتوور و بوونی نەتەوەیەک لەناو ببات. ئەمە هاوارێکی ئەدەبی و فەلسەفییە لە قووڵایی برینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ناوەندی (پێنی نێودەوڵەتی)، تا بزانن کە قەڵەم گەر نەبێتە دەنگی بێدەنگکراوەکان، دەبێتە هاوکاری جەلادەکان. ئێمە داواکارین لەبەرامبەر ئەم دڕندەییەدا، جیهان و بەتایبەت "پێنی نێودەوڵەتی" بێدەنگ نەبن و پشتگیری لە دەنگی ژنان و خەباتگێڕانی ئازادی بکەن.

یەکەم: زمان وەک "ماڵی بوون"؛ کاتێک زمان دەبێتە سەنگەری مانەوە

مارتن هایدیگەر دەڵێت: "زمان ماڵی بوونە." ئەگەر ئەم گوتەیە وەک بنەمایەکی فەلسەفی وەربگرین، ئەوا کاتێک نەتەوەیەک لە زمانەکەی بێبەش دەکرێت، لە ڕاستیدا لە "ماڵ" و لە "بوون"ی خۆی بێبەش کراوە. منداڵی کورد، لە باکوورەوە تا باشوور، لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا، لە سەدەی بیست و یەکەمدا هێشتا لە مافی سەرەتایی خوێندن بە زمانی دایک بێبەشە. ئەمە تەنیا سیاسەتێکی چەوت نییە، بەڵکوو "جینۆسایدی سپی"یە (White Genocide).

کاتێک منداڵێک ناچار دەکرێت بە زمانێک بیر بکاتەوە کە زمانی خەونەکانی دایکی نییە، پڕۆسەی دابڕان لە ڕەگ و ناسنامە دەست پێدەکات. کورد لە ڕابردوو و ئێستاشدا، لە بەرامبەر ئەم عەقڵییەتە "داعشی"یەدا بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤایەتی دەکات. کورد خۆڕاگری دەکات بۆ ئەوەی جیهانێک بونیاد بنێت کە تێیدا "جیاوازی" ببێتە جوانی، نەک ببێتە هۆکاری کوشتن. بەڵام نەیارانی کورد، شەڕ و دڕندەییان لە ئاشتی پێ باشترە، چونکە بوونی ئەوان لەسەر سڕینەوەی "ئەویتر" بونیاد نراوە.

لە ڕۆژئاوای کوردستان، قوتابخانەکان کە دەبێت مەڵبەندی ڕووناکبیری بن، لە لایەن داگیرکاریی تورکیا و میلیشیا توندڕەوەکانیانەوە کراونەتە مەیدانی سڕینەوەی مێژووی کورد. زمانی کوردی، وەک یەکێک لە کۆنترین زمانە ئاریاییەکان، لە ژێر هەڕەشەی فەوتاندایە. پاراستنی ئەم زمانە، ئەرکێکی جیهانییە، چونکە هەر زمانێک بمرێت، بەشێک لە ویژدانی مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆیدا دەباتە گۆڕ.

دووەم: ڕۆژئاوا؛ لە نێوان چەکوشی ڕژێم و سندانی فاشیزمی ئایینیدا

دۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان (سووریا) مانیفێستۆی مەینەتییەکی بێ کۆتاییە. ئەگەر دوێنێ ڕژێمی بەعسی ئەسەد بە ناوی "ناسیۆنالیزمی عەرەبی" کوردانی دەچەوساندەوە، ئەمڕۆ ئەو تاقمانەی خۆیان بە "ئۆپۆزسیۆن" دەناسن، کارەساتێکی گەورەتر دەخوڵقێنن. ئەمانە تەنیا فاشیستی سیاسی نین، بەڵکوو "فاشیزمی ئایینی"یان پۆشیوە و "جیهاد" دژی کورد ڕادەگەیەنن.

حوکمڕانیی ئێستا لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی، لە ڕژێمەکەی پێشووی ئەسەد خراپترە. لێرەدا فەتوای ئایینی دەدرێت بۆ حەڵاڵکردنی خوێن و ماڵی کورد. ئەمە هەمان عەقڵییەتی داعشە کە تەنیا ڕەش دەبینێت و تەنیا بە زمانی مەرگ دەدوێت. خەباتگێڕی کورد لە هەموو جێگایەک ژیانی خۆشدەوێت، تا ئەو ڕادەیەی ئامادەیە ژیانی خۆی فیدا بکات بۆ ئەوەی "ژیانێکی دیموکراسی و ئاشتیانە" بۆ نەوەکانی داهاتوو دەستەبەر بکات. ئەوان بەرگری لە یەکسانی و ئازادیی ژنان دەکەن، لە کاتێکدا دوژمنەکانیان بەرگری لە عەقڵییەتێکی ڕادیکاڵ و دڕندە دەکەن کە ژن وەک "کۆیلە" و مرۆڤ وەک "نێچیر" دەبینێت.

سێیەم: شاشەکانی ڕق؛ کاتێک میدیا دەبێتە ئامێری "بەدێوکردن"

بە داخەوە، میدیای وڵاتانی سەرکوتکەر (تورکیا، ئێران و بەتایبەت میدیای عەرەبی) بوونەتە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق. ئەوەی جێگەی مەترسییە، ئەوەیە کە ئەم ڕقە تەنیا لە دەمی جەنگاوەرەکانەوە نایەت، بەڵکوو "نوخبەی ڕۆشنبیر" و مامۆستایانی زانکۆ لەو کەناڵانەوە بە زمانی فاشیستێکی سەدەکانی ناوەڕاست دەدوێن. کاتێک دکتۆرێکی زانکۆ فەتوای جیهاد دژی گەلێک دەدات، ئەوە هەموو ویژدانی ئەو نەتەوەیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەم میدیایانە پڕۆسەی "بەدێوکردن" (Demonization)ی کورد بەڕێوە دەبەن. کورد وەک "کافر"، "جوداخواز" و "هەڕەشە" نیشان دەدەن تا کوشتنی لای جەماوەر ببێتە کارێکی ئاسایی و تەنانەت "پیرۆز". ئەم وتارە ژەهراوییە باری دەروونیی نەتەوەیەکی تێکداوە، چونکە مرۆڤی کورد دەبینێت کە تەنانەت لە "وشە"شدا مافی ژیانی پێ ڕەوا نابینرێت.

چوارەم: دیمەنی کچەکەی حەلەب؛ شکستی ئەخلاقیی عەقڵیەتێکی تاریک

دیمەنی خستنەخوارەوەی کچێکی لاوی کورد لە باڵاخانەیەک لە حەلەب لە لایەن چەکدارە توندڕەوەکانەوە، کە بە کۆمەڵ هاواری "ئەڵاهو ئەکبەر"یان دەکرد و جنێوی ناشیرینیان پێ دەدا، تەنیا تاوانێکی جەنگ نەبوو؛ ئەوە وێنەی ڕاستەقینەی ئەو فاشیزمە بوو کە ئێستا ڕووبەڕووی کورد دەبێتەوە.

ئەم دیمەنە مێژووی "داعش"مان بیر دەهێنێتەوە. لێرەدا ناوی خودا دەکرێتە پاساو بۆ سووکایەتیکردن بە شکۆی ژن و مرۆڤ. ئەمە نیشانەی شکستی ئەخلاقیی ئەو کولتوورە سیاسی و ئایینییەیە کە ڕێگە دەدات بە ناوی پیرۆزییەکانەوە نزمترین جۆری دڕندەیی ئەنجام بدرێت. ئەم کچە بوو بە سیمبۆلی هەموو ئەو ئازارانەی کە ژنی کورد لە پێناو ئازادیدا دەیچێژێت. کوا ویژدانی جیهان؟ کوا دەنگی نووسەرانی عەرەب و تورک و فارس لە بەرامبەر ئەم کارەساتە؟

پێنجەم: کۆتایی سەردەمی خەلافەتەکان و پێویستیی ڕێزگرتن لە "ئەویتر"

پێویستە نەتەوەکانی دراوسێ (تورک، فارس و بەتایبەت عەرەب) لەوە تێبگەن کە سەردەمی خەلافەت و ئیمپراتۆرییەتەکان کۆتایی هاتووە. جیهانی ئەمڕۆ جیهانی دیالۆگ و پێکەوەژیانە. ناتوانرێت بە عەقڵییەتی سەدەی حەوتەم حوکمی سەدەی بیست و یەکەم بکرێت.

کوردستان، لانکەی شارستانییەت، مافی خۆیەتی زمان و کولتووری خۆی هەبێت. ئێمە داوای سڕینەوەی کەس ناکەین، بەڵکوو داوای "یەکسانی" دەکەین. بەڵام پێکەوەژیان بە فەتوا و ڕق نایەتە دی، بەڵکوو بە ناسینی مافەکانی یەکتر دەست پێدەکات. پێویستە ئەم نەتەوانە لەو کینە مێژووییە ڕزگاریان بێت و وەک مرۆڤی سەردەمیانە لە مافە سەرەتاییەکانی کورد بڕوانن.

شەشەم: نائومێدی لە نێوان سکرینی میدیاکان و چاوەڕوانی لە "پێنی نێودەوڵەتی''
ئێمەی کورد، لە نێوان شاشەی مۆبایلەکانمان و تەلەفزیۆنەکانماندا تێداماوین. ڕۆژانە بە دوای هەواڵێکی باشدا دەگەڕێین، بە دوای دەنگێکی مرۆڤدۆستانە لە نێو نوخبەی ڕۆشنبیری دراوسێکانماندا دەگەڕێین، بەڵام ئەوەی دەبینرێت بێدەنگییەکی مەرگبارە. ئەو ڕۆشنبیرانەی باس لە دیموکراسی دەکەن، کاتێک دەگەنە سەر پرسی کورد، دەبنە ناسیۆنالیستێکی توندڕەو. ئەم بێدەنگییە، هاوکارییە بۆ بکوژ.

حەوتەم: داواکارییەکانی "پێنی کورد" لە "پێنی نێودەوڵەتی'' 

 

ئێمە لێرەوە، وەک ناوەندی پێنی کورد، داوا لە تەواوی ویژدانی زیندووی جیهان و ڕێکخراوی "پێن" دەکەین:

1.دەنگی خۆتان بەرز بکەنەوە: لە بەرامبەر ئەم دڕندەییەی بەرامبەر کورد دەکرێت بێدەنگ مەبن. بێدەنگی ئێوە پاساو دەداتە فاشیزم.

2.پشتگیری لە ژنان بکەن: خەباتی ژنانی کورد بۆ ئاشتی و دیموکراسی، تەنیا خەباتێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو خەباتی مرۆڤایەتییە دژی تاریکپەرستی.

3.پاراستنی زمان: گوشار بخەنە سەر وڵاتانی داگیرکەر بۆ کۆتایی هێنان بە "جینۆسایدی زمانی" و دابینکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک.

4.چاودێری وتاری ڕق: پێویستە "پێنی نێودەوڵەتی" هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر ئەو کەناڵ و نووسەرانەی فەتوای جیهاد و کوشتن دژی گەلێک بڵاو دەکەنەوە.

5.تیمێک بۆ لێکۆڵینەوە: پێویستە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکات کە لە عەفرین و حەلەب و ناوچەکانی تری ڕۆژئاوا بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێن.

 

کۆتایی: خەونێک بۆ ئاسۆیەکی ڕوون

لە کۆتاییدا دەڵێین: کورد گەلێک نییە تەنیا بۆ مردن دروست بووبێت. ئێمە گەلێکی زیندووین و خاوەن ئەدەب و فەلسەفەیەکی پڕ لە ژیانین. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ کورد، وەک جەستەیەکی بێ ڕۆح وایە. ئێمە خوازیاری ژیانێکی مرۆڤانەین، کە تێیدا منداڵەکانمان لەبری وشەی "شەڕ"، وشەی "ئاشتی" لە قوتابخانەکاندا فێری بن.

با قەڵەمەکان ببنە قەڵغان لە بەرامبەر شمشێرە فاشیستەکان. با وشە ببێتە دەرمان بۆ برینە قووڵەکانی نەتەوەیەک کە تەنیا تاوانی ئەوەیە دەیەوێت "خۆی" بێت.

قەڵەم، دەبێت هاواری ئەو بێدەنگییە بێت کە ساڵانێکی درێژە بەسەر کوردستاندا کێشراوە.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پێنی کورد