هەولێر دەبێتە خاوەنی گەورەترین کارگەی دروستکردنی مێز و کورسی بۆ قوتابخانەکان

پەروەردەی هەولێر چیتر خەمی، مێز و کورسی نابێت بۆ قوتابییانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر خەریکی دروستکردنی کارگەیەکی دارتاشی تایبەتە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان، کارگەیەکی دروستکردنی مێز و کورسی بۆ قوتابییانی قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لەسەر ڕووبەری 13 هەزار مەتر سێجا دروستدەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتیشی: کارگەی دارتاشیەکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شەقامی 100مەتری هەولێر، کارگەکە تەواو خۆماڵییە و مێز و کورسی( رحلە) بۆ سەرجەم قوتابخانەکان دابین دەکات و ئەگەر پێویست بکات بۆ شارەکانی دیکەش دەنێردرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، گۆڕانکاری لە دیزاینی مێز و کورسیەکان کراوە و هەوڵدەدرێت بە باشترین شێوە دروستبکرێت، بە تەواوبوونی بارگرانییەکی زۆر لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە.

لە سنووری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی هەولێر، هەزار و 163 قوتابخانەی بنەڕەتی و 179 ئامادەیی و 123 قوتابخانەی دواناوەندی هەیە، هەروەها 12 قوتابخانەی فێرکردنی خێرا و 11 قوتابخانەی پیشەیی و چوار کۆمەڵگەی پەروەردەیی هەیە، بە تێكرای هەزار و 627 دەکات. 

هەروەها لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە 629 پۆلی خوێندنی زیاد کردووە و دوو هەزار و 114قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە، سێ هەزار و 800 مامۆستای وانەبێژی کەرتی خوێندنی باڵا گرێبەستیان بۆ کرا.