گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: راوێژکاری ئەڵمانیا ئەوروپای بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە بردووە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە ژێر گوشاری راوێژکاری ئەڵمانیا وڵاتانی ئەوروپا خەریکە لایەنێکی هەڵە هەڵدەبژێرن و یارییان پێ دەکرێت.

بەقایی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاندووە، "ترۆیکای ئەوروپا سەردەمانێک رۆڵی کاریگەرییان لە دیپلۆماسی و هێنانەکایەی رێککەوتنی 5+1 لە ساڵی 2015 هەبوو، ئێستا لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە بێکاریگەر کراون".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا، "لە ژێر گوشاری راوێژکاری ئەڵمانیا، هەندێک وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا خەریکە جۆرە کارێک دەکەن دەیانخاتە لایەنێکی هەڵەوە لە مێژووی خۆیاندا و پشتیوانیی توندوتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی گەلی خاوەن شارستانییەتی ئێران دەکەن".

بەقایی داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات دژی هەر جۆرە میکانیزمێکی لەو شێوەیە بوەستنەوە عەقڵییەتی نازی بەسەریدا زاڵە و دوورە لە پابەندبوون بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و دادپەروەری.

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو (سێشەممە، 03ـی ئاداری 2026)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە  فریدریک مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە و هەردوولا تاوتوێی جەنگی ئێرانیان کرد. 

جەنگەکە بەیانیی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دەستیپێکرد، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسمانییان کردە سەر تاران و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و دەیان سەرکردە و فەرماندەی سەربازیی دیکەی ئەو وڵاتەیان کوشت. 

لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ لە سەرەتای جەنگەکەوە سوپای پاسدارانی ئێران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی دوورمەودا، ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان و عێراق بۆمباران دەکات. 

بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە، شەش سەربازی ئەمریکی و دەیان هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژراو و بریندار بوون. هەر بەوهۆیەوە، ئەمریکا ژمارەیەک لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە داخستووە و بەردەوامە لە گەڕاندنەوە و گواستنەوەی هاووڵاتییانی بۆ شوێنی سەلامەت.

جگە لە سوپای پاسداران؛ گرووپە چەکدارە هاوپەیمانییەکانی ئێرانیش بەشدارییان لە جەنگەکەدا کردووە؛ لە عێراق و لوبنان، حزبوڵڵا و ژمارەیەک گرووپی دیکە رۆژانە بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.