وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: داوامان لە تۆم باراک کردووە چارەسەری دۆخی سووریا بکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند؛ جەخت لە پێویستی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی کردەوە و داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە هەموو لایەنەکان دەکەن.
تۆم پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان تەواوی هەوڵەکانیان بۆ بنیاتنانی سووریایەکی ئارام و سەقامگیر تەرخان بکەن کە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، نەک تێوەگلانی وڵاتەکە لە بازنەیەکی نوێی توندوتیژی و پشێوی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوە بە ڕەحیم ڕەشیدی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ باڵیۆز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، بەردەوامە لە کارەکانی بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی دیالۆگی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
سەبارەت بە دۆخی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود و هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر هەسەدە، وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کرد؛ بەوردی چاودێری و بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن. واشنتن دووپاتی کردەوە کە لەم بارودۆخە هەستیارەدا، پێویستە هەموو لایەنەکان لە پێکدادانی سەربازی دووربکەونەوە و تەنها پەنا بۆ گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی بەرن.