کەرکووک؛ لە قوتابخانەیەکی خوێندنی كوردی قوتابییان نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن
لە قوتابخانەیەکی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک، قوتابییان ئامادەکاریی بۆ بەڕيوەچوونی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژرادنی نوێنەرانی پەرلەمانی قوتابییان دەکەن.
بیرۆکەی پەرلەمانی قوتابیان، ڕێکخراوی بریتش کاونسڵ سپۆنسەری دەکات و وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەکات، ئەمساڵ بۆیەکەمجار لەچەند قوتابخانەیەکی خوێندنی کوردی پەیڕەو کرا. ئامانجی پرۆسەکە بایەخدانە بە مافی مرۆڤ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواو و ژینگە و ڕاهێنانی قوتابیان لەسەر پەیڕەوکردنی پرۆسەی دیموکراسی.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی گوت: ئەمە ئەزموونێکی نوێیە، هیوادارم قوتابییان بۆ داهاتووی خۆیان و خزمەتکردنی ژینگە سوودی لێ وەربگرن.
26 قوتابی کێبڕکێ گەیشتن بە پەرلەمانی قوتابخانەی زانکۆیان کرد ، 427 قوتابی دەنگیان دا. لەکۆتاییدا شەش نوێنەر سەرکەوتن و دواتر لەنێو خۆیاندا بەهەڵبژاردن و ڕێککەوتنی نێوانیان سەرۆکی پەرلەمان و جێگرو سکرتێر دیاری کران و سێیەکەی دیکەش وەکو یەدەگ دەمێننەوە.
سایە هێمن، سەرۆکی پەرلەمانی قوتابیان، دەڵێت: زۆر خۆشحاڵم و سوپاسی هاوڕێکانم دەکەم کە دەنگیان دا پێم؛ بێگومان ئەم بەرپرسیارەتییە بە دڵسۆزییەوە لە ئەستۆ دەگرم. لەگەڵ هاوڕێکانم دەبینە پردی نێوان قوتابیان و بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکەمان بۆ ئەوەی کێشەو گرفتەکانیان چارەسەر بکەین.
گرنگی ئەم پرۆسەیە بەتایبەت لەشارێکی وەکو کەرکووک، لەگەڵ ئەوەی هیچ تاکێکی کورد گومانی لە کوردستانیبوونی ئەم شارە نییە، بەڵام کورد هەمیشە ویستوویەتی لەڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە چارەنووسەکەی یەکلایی بکاتەوە؛ ئەمە پەیامێکە بۆ جیهان کە کورد باوەڕی تەواوی بەپرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن هەیە.